1213 منداڵ لە کوردستان کاردەکەن

منداڵپارێزی کوردستان: منداڵانی ئیشکەر کەمدەکەینەوە

964+

پێشەوا محەمەد- سلێمانی

لە رێگەی پرۆژەیەکەوە منداڵانی ئیشکەر لە هەرێمی کوردستان کەمدەکرێنەوە، رێکخراوی منداڵپارێز و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی کارەکە دەکەن.

بە پێی ئاماری رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، 1213 منداڵی ئیشکەر لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک کاردەکەن و نزیکەی 500 منداڵیان هی ناوخۆن و ئەوانی تریش منداڵی ئاوارە و پەنابەرن.

رۆژەی دووشەممە 2.4.2023 هەریەکە لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و رێکخراوی منداڵپارێز لێکتێگەیشتنێکیان بۆ ئەو پرسە واژۆ کردووە و لە رێگەی فۆڕمێکەوە ئەو منداڵانەی خوار 18 ساڵن و کاردەکەن تۆماردەکەن.

نوعمان عەبدولرەحمان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری منداڵپارێزی کوردستان بە تۆڕی 964ـی راگەیاند، زیاتر لە 15 ساڵە بۆ کەمکردنەوەی منداڵانی ئیشکەر کار دەکرێت و ئەو لێکتێگەیشتنەش گرنگیی زۆری لەو بوارەدا هەیە.

تۆڕی 964 دەزانێت، تێگەیشتنەکە لەسەر دوو ئاستە، یەکێکیان هاوکاریکردنی مادی خێزانی ئەو منداڵانەیە کە ئیش دەکەن و دەیانخەنەوە بەر خوێندن، ئاستی دووەمیش بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە بۆ خێزانەکان تا ئیش بە منداڵەکانیان نەکەن.