کریستیانەکان رۆژووانە موسڵمانەکان دەعوەت دەکەن

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

وەک نەریتێکی کۆمەڵایەتی دەڤەرەکە، ساڵانە کریستیانەکانی بادینان بە شێوازی جیاواز بەشداری لە بۆنەکانی موسڵمانەکان دەکەن، هەروەک موسڵمانەکانیش ئەو کارە دەکەن. لە ناحیەی چەمانکێ، کریستیانێک رۆژووانە موسڵمانەکان دەعوەت دەکات.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 3.4.2023، لە گوندی چەمانکێ هاوڵاتییەکی کریستیان فتار بۆ 600 موسڵمانی بەڕۆژوو ئامادە دەکات.

ئەلەند ئەمیر، ئەو هاوڵاتییە کریستیانەی خوانەکەی ئامادە کردووە، قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: بە دەرفەتم زانی خوانێک بۆ برا موسڵمانەکان ئامادە بکەم، چونکە کوردستان جێگەی پێکەوە ژیانە.

تۆڕی 964 دەزانێت، ئەمە یەکەمجارە لە چەمانکێ وەها فتارێک بۆ موسڵمانان ئامادە بکرێت، بەڵام لە بادینان ئەو کارە پێشتریش ئەنجامدراوە.

جەمال خرابی، هاوڵاتییەکی دانیشتووی چەمانکێیە قسەی بۆ 964 کردووە و ئەو مێواندارییە بە گرنگ دەزانێت.

زیاتر وتی “گرنگە کریستیان و موسڵمان پێکەوە لەسەر سفرەیەک کۆببنەوە، حەز دەکەم ئەوە بەردەوام بێت”.

ناحیەی چەمانکێ سەر بە قەزای ئامێدێیە و زیاتر لە 10 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق