ڤێتەرنەری کەرکوک ئاژەڵدارەکان ئاگادار دەکاتەوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ڤێتەرنەری کەرکوک ئاگاداری ئەو کەسانە دەکات کە ئاژەڵ بەخێو دەکەن یان ئەوانەی لە کوشتارگەکان کار دەکەن کە وەرزی بەهار وەرزی بڵاوبوونەوی نەخۆشی گەنەی ئاژەڵانە و دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەبێتە پەتای خوێنبەربون.
ساڵانە لە وەرزی بەهار نەخۆشی گەنەی ئاژەڵانە بڵاودەبێتەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و پێی دەوترێت پەتای خوێنبەربون، بەپێی زانیارییە پزیشکیەکان، هەر کەسێک بە سەختی تووشببێت دەیکوژێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 3.4.2023، تیمی ڤێتەرنەری کەرکوک دەستیان کرد بە پاکژکردنی کوشتارگەی شارەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەنە و ڤایرۆسەکان.
دکتۆر نەجات عەلی پزیشکی ڤێتەرنەری لە نەخۆشخانەی کەرکوک بە تۆڕی 964ی وت، “ڤایرۆسی تای خوێنبەربون لە رێگەی گەنەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و پار سێ کەس تووشی هاتن لە کەرکوک و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا کە لە کوشتارگە کاری دەکرد”.
وتیشی، سەرەتا ئەو ڤایرۆسە لە رێگای باڵندەوە بۆ وڵاتان دەگوازرێتەوە و پاشان ئاژەڵان تووشدەبن و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.