مەحمود ئێزدی بوو بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی
میدیازان- كوردستان ئەحمەد- هەولێر
بارزانی دەسەڵاتەکەی خۆی بەکارهێناو نوێنەرێکی ئێزدییەکانی کردە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئەمڕۆ لەبارەگای بارزانییەوە پەیوەندیکراوە بە مەحمود ئێزدی و پێیان راگەیاندووە کە لەلایەن سەرۆکی پارتییەوە دەستنیشانکراوە بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی.
لە كۆنگرەی چواردەی پارتی دیموكراتی كوردستان دوو ئێزدی كاندید بوون بۆ بوونە ئەندام لە كۆمیتەی ناوەندی بەڵام هیچكامیان دەنگی پێویستیان بەدەست نەهێنا.
پاش راگەیاندنی ئەنجامەکانی کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی لەسەر ستەیجی کۆنگرە وتی ‘من دەبینم خەلەلەێکی گەورە هەیە.. هیچ برایەک یا خوشکێکی ئێزدی لەناو لیستەکەدا نییە’ داوای لەئەندامانی کۆنگرە کرد دەسەڵاتی بدەنێ بۆ دەستنیشانکردنی کەسێک لەئێزدییەکان تا ببێتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی، ئەندامانی کۆنگرە هەموو هەستانە سەپێ و بەچەپڵەرێزان ئەو دەسەڵاتەیان بەسەرۆکی پارتی بەخشی.
مەحمود ئێزدی بەمیدیازانی وت ‘لەبارەگای بارزانییەوە پەیوەندیان پێوەكردم وتیان، جەنابی سەرۆك تۆی وەك ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی هەڵبژاردووەو پێوستە سەردانی سەركردایەتی پارتی بكەیت’.
مەحمود ئێزدی خۆشحاڵییەکی زۆر بەدەنگییەوە دیار بوو کاتێک میدیازان قسەی لەگەڵ کردو وتی ‘بڕیاری سەرۆك دەیسەلمێنێت پارتی دیموكراتی كوردستان گرنگی زۆر بە ئێزدیەكان دەدات… ئەمە وادەكات ئێزدیەكان هەست بكەن كە بەشێكن لەم وڵاتە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پشتگوێ نەخراون’.
مەحمود ئێزدی وا باسیکرد پلانی زۆری هەبێت بۆ بارودۆخی ئێزدییەکان و وتی ‘لەگەڵ سەرۆك بارزانی پلانێكی تۆكمە و گرنگمان هەیە بۆ ئێزدیەكان و كار لەسەر ئەوە دەكەین بە شێوەیەكی زۆر باش بتوان لە كەمپەكاندا پێداوییستیەكانیان بەدەست بهێنن و بەمافەكانی خۆیان بگەن و عێراق هیچ مافمان نەخوات’.
جهور عەلی بەگ جێگری میری ئێزدییان بۆ كاروباری پەیوەندییەکان لەبارەی هەڵبژاردنی مەحمود ئێزدیەوە بە میدازانی وت: ‘پێمان خۆشە كاك مەحمود هەڵبژێردراوە و كەسێكی باشە و بنەماڵە شەهیدە و هاوكاری ئێزدیەكان بووە، هیوادارین سەركەوتووبێت لە كارەكەی’.
مەحمود هاشم ئەلیاس سلۆ ناسراو بەمەحمود ئێزدی لە ساڵی ١٩٧٠ لەشێخان لەدایك بووە، دەرچووی كۆلێژی یاسایە لە زانكۆ موسڵ و لە ساڵی ١٩٨٥ ەوە پەیوەندی كردووە بە پارتی دیموكراتی كوردستان، لەکۆنگرەی سیانزەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەهەمان شێوە بەبڕیاری مەسعود بارزانی بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی ٢٠١٧ بووەتە بەرپرسی لیژنەی لقی بیستی شێخان.