شەش تۆن و نیو باینجانی خراپبوو ئاودیوی ئێران کرایەوە
میدیازان – هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
لە مەرزی تەوێڵە – شۆشمێ دەستگیرا بەسەر بڕی شەش تۆن و نیو باینجانی خراپبوودا و ھۆبەی كەرەنتینەی كشتوكاڵی مەرزەکە دەڵێت باینجانەکان بۆگەنیو بوون و شیاو نەبوون بۆ خواردن.
بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە رایگەیاند، بارە باینجانەکە لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردەکرابوو و خاوەنەکەی بەنیاز بوو لە بازاڕدا ساغی بکاتەوە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە بازاڕ هەر لەدوای گەیشتنی بە مەرزی تەوێڵە – شۆشمێ دەستیان بەسەر باینجانەکاندا گرتووە.
لەدوای دەستبەسەرداگرتن، باینجانەکان لەلایەن لیژنەی لەناوبردن و ئاودیوكردنەوەوە گەڕێندرانەوە بۆ وڵاتی ئێران، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە وای وت.
کەیوان مەنوجەر فەتاح، لێپرسراوی کەرەنتینەی مەرزی شوشمێ بە میدیازانی راگەیاند، خاوەنی بارە باینجانەکە هاوڵاتییەکی ئێرانی بوو و لەسەر داوای بەقاڵێکی هەڵەبجە لە ئێرانەوە باینجانەکەی هاوردە کردبوو.
لەبارەی هۆکاری شیاونەبوونی باینجانەکە بۆ خواردن، لێپرسراوی کەرەنتینەی مەرزی شوشمێ وتی، “زۆربەی باینجانەکە گەنیو بوو، رزیو بوو، ئەگەر سەدا سی بەو جۆرە بێت، بەشەکەی دیکەشی بەکەڵکی خواردن نایات.”