لە گوندی جاسەنەی ناحیەی سوورداشە
جوتیارێک تا زەوییە لمینەکەی نەکرد بە گەنم کۆڵی لێنەدا
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بۆ یەکەمجار و دوای ساڵانێکی زۆر جوتیارێک زەوییەکی لمین دەکات بە گەنم، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی دوکان دەڵێت: یەکەمجارە لە سنوورەکەیان لە زەوییەکی لەوجۆرەدا گەنم بکرێت.
زەوییەکە لە گوندی جاسەنەی ناحیەی سورداشە لە قەزای دوکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی. زەوییەکە بەراوە و جوتیارەکە بەردەوام ئاوی پێویستی بۆ گەنمەکەی هەبووە و ئاوی داوە.
تۆڕی 964 دەزانێت، پێشتر وەک هەر زەوییەکی تر کێڵدراوە و نەهاتووەتە بەرهەم، ئەمجارە زەوییەکە بە گاسنی سێ خەت بە قووڵیی 50 سانتیمەتر کێڵدراوە و دواتر بە ئامێری خەرماشە سەرەوژێر بە زەوییەکە کراوە و تۆوی گەنمەکەی تێدا بڵاوکراوەتەوە و دەرمانی بژاریشی بۆ بەکار هاتووە.
یەکەم جارە لە سنوورەکەدا گەنم لە زەویی لمیندا بڕوێندرێت و بەو شێوەیە بێتەبەرهەم و گەشەیەکی جوان بکات. ئەوە وتەی ناسکە عومەر فەتاح، جێگری بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دوکانە بۆ 964.
دەشڵێت “پیشتر و لە کۆندا ئەو زەوییە لمینانە کراون بە گەنم بەڵام ساڵانێکە وازیان لێهێندراوە بەرهەمنەهێندراونەوە”.
رووبەری زەوییەکە سێ دۆنم و نیوە و 250 بنەتۆو گەنمی تێدا بەکارهاتووە.
بە بڕوای ناوبراو، خاکی ئەو سنوورە بە پیت و ئاودارە کە بە یەکێکی تر لە هۆکارەکانی سەوزبوونی گەنمەکە دەزانێت لەو زەوییەدا.