زانکۆی جیهان تێچووی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا بۆ دەرچووەکانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت

964+

فەرهاد حەسەن

زانكۆی جیهان لە هەولێر رایگەیاند، كە تێچووی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا بۆ دەرچووەکانی خۆی  لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، لە ئەستۆ دەگرێت.

زانكۆی جیهان، زانكۆیەكی كەرتی تایبەتە، جگە لە هەولێر لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان لقی هەیە و زۆربەی بەشەكانی خوێندنی تێدایە.

لە راگەیەندراوێكدا زانكۆی ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی رابردوودا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، دەرگای پێشکەشکردنی بە رووی خوازیارانی خوێندنی باڵا بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا کردەوە، لقی هەولێری ئەو زانکۆیەش بۆ تەواوکردنی خـوێندنی باڵا بۆ دەرچووەكانی،  گەورەترین سکۆلەرشیپی راگەیاند.

بەپێی راگەیەندراوەكە كە 964 بینیویەتی، زانکۆی جیهان لە هەولێر تەواوی دەرچوانی ئاگادار دەکاتەوە، هەر دەرچوویەک ئارەزووی تەواوکردنی خوێندنی باڵای لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان هەیە، دەتوانن داواکاریەكانیان پێشکەش بەزانکۆکان بکەن، بەشێوەیەک لە کاتی وەرگرتنیان زانکۆی جیهان لە هەولێر تەواوی تێچوی خوێندنەکەیان بۆ (ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ.

ئەوەش خراوەتە روو “زانکۆی جیهان جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە، دەرچووان دوای تەواوکردنی خوێندنی (ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆ حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان، لە زانکۆی جیهان – هەولێر بەپێی پسپۆڕییەکانیان دەرفەتی کارکردنیان بۆ دەڕخسێندرێ و دەبنە ستافی زانکۆی جیهان.”