“بە چەند مەرجێك دەرماڵەتان بۆ خەرجدەكرێت”

رێنمایی نوێ بۆ ئەو كەسانەی لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن

+964
كوردستان ئەحمەد – هەولێر

وەزارەتی دارایی و ئابوری ھەرێم رێنمایی تایبەتی بە دەست بەکاربونەوەی فەرمانبەر دوای تەواو کردنی خوێندن ھەموارکردەوە.

رێنماییەكان بەم شێوەیەی خوارەوەن.

یەكەم: ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا مۆڵەتی خوێندنی وەرگرت بۆ دەرەوەی وڵات و خوێندنەکەی تەواو کرد بەشێوەی کۆتایی واتا بڕوانامەی کۆتایی وەرگرتبێت لەو زانکۆی کە لێی خوێندوە و لەگەڵ دەست بەکاربونەوەی پێویستە وێنەیەک لە بڕوانامە نوێکەی بە بێ یەکسان کردن پێشکەش بە فەرمانگەکەی بکات ئەوا دوای یەکسانکردنی بڕوانامەکەی لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی شایستەی دەرماڵە نوێیەکانی دەبێت لە رۆژی دەست بەکاربونەوە.

دووەم: ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا مۆڵەتی خوێندنی وەرگرت بۆ دەرەوەی وڵات دەست بەکاربویەوە، بەڵام لەگەڵ دەست بەکاربونەوەی وێنەیەک لە بڕوانامەکەی پێشکەش نەکرد جا بە ھەرھۆیەک بێت ئەوا لە رۆژی دەستبەکاربونەوەی شایستەی دەرماڵەی بڕوانامەکەی نابێت بەڵکو ھەر کاتێک بڕوانامەکەی پێشکەش بە فەرمانگەکەی کرد ئەوا لە رۆژی پێشکەش کردنی بڕوانامەکە شایستەی دەرماڵەی بڕوانامەی بۆ خەرج دەکرێت دوای یەکسانکردنی بڕوانامەکەی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

سێیەم: ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی لە ناوخۆی عێراق و ھەرێم جا بۆ بڕوانامەی ناوەندی یان ئامادەیی یان پەیمانگا یان بەکالریۆس یان دبلۆمی باڵا یان ماستەر یان دکتۆرا ئەوا لە رۆژی پێشکەش کردنی بڕوانامەکەی دەرماڵەی بۆخەرج دەکرێت.

رێنماییەكان وەزارەتی دارایی بڵاویكردوونەتەوە و لە سەرەتای ئەم مانگەوە جێبەجێ دەكرێن لە سەرجەم فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا.