پارێزگای هەولێر:
تیروپشک بۆ یەکەی کرێنشینان ئەنجام دەدرێت
964+
فەهمی نەبی
پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، لە ئاییندەیەکی نزیکدا تیروپشک بۆ یەکەی نیشتەجێبوونی کرێنشینان ئەنجام دەدرێت، بەبێ ئەوەی رێکەوتی ئەنجامدانی تیروپشکەکە دیاریی بکرێت، کە ژمارەیان 20 هەزار یەکەیە.
ئەمڕۆ 29.3.2023 پارێزگای هەولێر لە پەڕەی فەرمی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئەو هەواڵەی راگەیاند.
بە پێی هەواڵەکەی پارێزگای هەولێر بێت، هەریەکە لە ناوچەکانی گەڕەسۆر لە بنەسڵاوە و باغلومنارە دەستنیشانکراون بۆ دروستکردنی ئەو یەکانە، کە لە جۆری شوقەن.
هۆکاری دواکەوتنی دروستکردنی ئەو یەکانە دەگەڕێندرێتەوە بۆ گۆڕینی رەگەزی پڕۆژەکە، لە ئایندەیەکی نزیکدا دوای ئەنجامدانی تیروپشک وەبەرهێنەر دەست بە دروستکردنی پڕۆژەکە دەکات، ئەمەش بە پێی وتەی پارێزگای هەولێر.
لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوودا، حکومەتی هەرێم پرۆسەی دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ کرێنشینان راگەیاند، لەو ژمارەیە شەش هەزار یەکەی بۆ شاری هەولێر دەبێت، دوای پڕکردنەوەی فۆڕمی ئۆنڵاین، 59 هەزار کەسیش ئەو فۆڕمەیان پڕکردووەتەوە.