30 کارمەندی تورک لە شوێنیان دانراون
30 کرێکار و ئەندازیارى كورد له وێستگه‌ى كاره‌باى خه‌بات ده‌رده‌كرێن
964+
سەعید محەمەد – خه‌بات
له خه‌بات، 30 کرێکار و ئەندازیارى كورد له وێستگه‌یه‌كى كاره‌با ده‌رده‌كرێن، به قسه‌ى ده‌ركراوه‌كان 30 كارمه‌ندی توركیان له شوێنیان داناون، سەرۆکی ئەندازیارانی کوردستانیش ده‌ڵێت، نووسراویان بۆ وه‌زاره‌ت بۆ كردوون بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان.
وێستگەی کارەبای 300 مێگاواتی هەڵمى خەبات لە ساڵی 2020، لەلایەن کۆمپانیای پۆسکۆی کۆریای باشوور، رادەستی وەزارەتی کارەباى هه‌رێم کراوە، سه‌ره‌تا ئەرکی بەڕێوەبردنی بە کۆمپانیای سەبنێکس سپێردراوبوو، پاشان درایه کۆمپانیایەکی تورکی بە ناوی FLT.
یەکێک لە ئەندازیارە دەرکراوەکان، كه ناوى له 964 پارێزراوه، وتى “نزیکەی ساڵ و نیوێكە بە ستافێکی کورد لەم کۆمپانیایە کاردەکەین، کە بە کرێکار و ئەندازیاره‌وه نزیکەی 130 کەس ده‌بووین، بەشێک لەوانه‌ش بیانی بوون، دوای وەرگرتنی وێستگەکە لەلایەن کۆمپانیای تورکەکە، ژمارەیەکی کوردی رۆژهەڵات دەرکران و پاشان ده‌ركردن گه‌یشته 60 كه‌س بە کرێکار و ئەندازیارەوە، لەو ژمارەیەدا نزیکەی 30 كه‌س گەڕاندرانەوە و 30 کارمەندی تورکیش لە شوێنی ئێمە دانران”.
وتیشی، داوایان لە سەندیکای ئەندازیاران کردووە، مافەکانیان بۆ بگەڕێنەوە و بیانگەرێننەوە سەر کار.
لای خۆیەوە، عەبدولڕەحمان عەلی کوردە، سەرۆکی ئەندازیارانی کوردستان، ده‌ركردنى ئه‌و ئه‌ندازیار و كرێكاره كوردانه‌ى بۆ 964 پشتڕاستكرده‌وه و وتیشى “ئێمە بە ئەرکی خۆمان هەڵساوین، نووسراومان بۆ وەزارەتی کارەبا کردووە بۆ گەڕانەوەی مافی ئەم کارمەندانە”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، بە پێی بریاری حکومەت دەبێت هەر کۆمپانیایەک لە کوردستان 75% کارمەندی ناوخۆیی بێت، بەڵام ده‌ڵێت “بە قسەی ئەم ئەندازیارانە ئه‌م کۆمپانیایە کەمتر لەو رێژەیە کارمەندی ناوخۆی کارپێکردووه، ئێمەش چاوەرێی وەڵامی وەزارەتین بۆ گەڕانەوەی مافی ئەم کارمەندانە”.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن