دوای وەستانی هەناردەی نەوتی کوردستانە

نرخی نەوت زیاتر لە 4 دۆلار بەرز بووەوە

 964+

فەرمان سادق

بۆ رۆژی سێیەم بەدوای یەک بەهای نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهانی بەرز بووەتەوە، ئەمەش دوای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دێت.

بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە 29.3.2023، نەوتی برێنت 42 سەنت نرخەکەی بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 79.07 دۆلار.

هاوکات لە سێ رۆژی رابردوودا نرخی نەوت لە 74.90 سەنتەوە بەرز بووەتەوە بۆ 79.07 دۆلار، بەمەش دەردەکەوێت کە زیاتر لە چوار دۆلار نرخەکەی بەرز بووەتەوە.

بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرز بێت، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە لە جیهاندا، وەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ بازاڕەکانی جیهانی.

هەرێمی کوردستان رۆژانە دەوروبەری 450 هەزار بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکی رەوانەی بازارەکانی جیهان دەکرد، بەڵام بەهۆی بڕیاری دادگای پاریس بەهۆی سکاڵی حکومەتی عێراق لە دژی تورکیا، عێراق سکاڵایەکەی بردەوە و بەمەش دەوڵتی تورکیا ناچار بوو تاوەکو رەزامەندی حکومەتی عێراقی لەسەر نەبێت هەناردەی نەوتی کوردستان رابگرێت.