تانکییە گەورەکانی غاز لە سەربانی زانکۆی دهۆک هەرماون

964

زەید کۆچەر – دهۆک

لە سەربانی کەمپی زانکۆی دهۆک هێشتا تانکییە گەورەکانی غاز بوونی هەیە هەرچەندە بەکاری ناهێنن بەلام لە لایەن خوێندکارانەوە هەر بە مەترسی دەزانرێت دوای ئەورووداوانەی کە ساڵی رابردوو لە سلێمانی دهۆک بە هۆی غازەوە روویاندا.

خوێندکارانی زانکۆی دهۆک تا ئێستا ترسەکەی شەوی 22.11.2022 یان  لەبیرنەکردووە کە تانکی غازی گەورە بووە هۆی گیان لەدەست دانی پێنج کەس و برینداربوونی نزیکەی 33 کەس لە یەکێک لە بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی دهۆک.

عسمەت خابوری، بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی دهۆک بە 964ی راگەیاند، لە دوای ئەو کارەساتەی لە شاری سلێمانی و هەروەها پارێزگای دهۆک بەهۆی تانکی گەورەی غازەوە ڕوویدا ، بڕیار درا کەوا چیتر ئەم تانکی غازە بەکار نەهێنرێت، بەلام لەلایەن پارێزگاری دهۆکەوە چەند ڕێنماییەکی سەلامەتی دەرچوون بۆ بەکارهێنانەوەی ئەم تانکیانە.

وتیشی، چەند ڕێستۆرانتێکی نێو زانکۆی دهۆک لە ئیستادا تانکی غازیان هەیە و لەسەر بانی کۆلێژەکانە بەڵام ئەوان ڕێگەیان پێ نادەن بەکاری بهێنن چونکە دەبێت جگە لە مۆڵەتی پارێزگا مەرجی ئەوان وەکو ئەنجومەنی زانکۆی دهۆک جێبەجێ بکەن.

964 دەزانێت مەترسی ئەم تانکیانە تا ئێستاش لە زانکۆی دهۆک ماوە هەندێکیان بۆریەکانیان درێژ بوونەتەوە بۆ نێو باڵکۆنی رێستۆارانتی کۆلێژەکە کە رۆژانە چەندین خوێندکار لەوێخواردن و خواردنەوە دەخۆنەوە و جگەرە دەکێشن.

خوێندکارانیش داوادەکەن ئەو تانکیانە بە تەواوەتی کە بەکارناهێنرێت هەڵبگیرێن و بۆ ئەوەی چیتر مەترسی لەسەر ژیانیان نەمەێنێت.

زانکۆی دهۆک لە سالی 1992 دامەزراوە و 19 کۆلیژی تێدایە و نزیکەی 22 خواردنگە لە زانکۆکەدایە، نزیکەی 12 تانکی گەورەی غازیش بوونی هەیە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی