40 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبوو
کێڵگەی حەسیرە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی راگرت
964+
هونەر فارس – گەرمیان
بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەی نەوتی حەسیرە راگیراوە، بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی 964، هۆکاری راگرتنی بەرهەمهێنان بۆ پڕبوونی کۆکا نەوتییەکانی خورمەڵە دەگەڕێتەوە، کە پێشتر نەوتی حسیرە رەوانەی ئەو کۆگایانە دەکرا.
هۆکاری پڕبوونی کۆگاکانی خورمەڵە بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم دەگەڕێتەوە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە.
کۆگاکانی کێڵگەی نەوتی حەسیرە بەشی بەرهەمهێنانی چەند رۆژێک بەرهەمهێنان دەکات و ئێستا ئەو کۆگایانەش پڕبوون.
دوای بڕیاری دادگای نێودەوڵەتیی پاریس، کە دۆسییەی هەناردەی نەوتی هەرێمی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە لە بەرژەوەندیی عێراق یەکلایی کردەوە، رۆژی 25.3.2023 کۆمانیای نەوتی نیشتیمانیی عێراق بڕیاری راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی دەرکرد.
سەرچاوەیەک لە کێڵگەی نەوتی حەسیرەوە بە تۆڕی 964ـی وت “لە دوای کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 28.3.2023 بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکە راگیراوە”.
دەشڵێت؛ ئەو تانکەرانەی لە حەسیرەوە نەوت بۆ خورمەڵە دەگوازنەوە راگیراون و لەوێ نەوتەکەیان لێ وەرناگیرێت.
کێڵگەی نەوتی گەرمیان کە بە “حەسیرە” ناسراوە، چوار بیری نەوت لەخۆدەگرێت و بەرهەمی رۆژانەی نزیکەی 40هەزار بەرمیل نەوتە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد