شەش ملیار دینار بۆ تەواوکردنی هۆڵی گەل تەرخانکراوە

964+

فەهمی نەبی

نزیکەی دوو مانگە کارکردن لە هۆڵی گەلی شاری هەولێر دەستپێکردووەتەوە و شەش ملیار دینار بۆ تەواوکردنی تەرخانکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی نۆ ساڵە کارکردن لە دروستکردنی هۆڵەکەدا وەستاوە.

هۆڵی گەل یەکەم هۆڵی هونەری بوو لە شاری هەولێر، ساڵی 2013 بە بیانووی کۆنی هۆڵەکە، رووخێنراو و بڕی هەشت ملیار دینار بۆ دروستکردنەوەی تەرخانکراوە.

نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێم، بۆ تۆڕی 964 قسەی کرد، دەڵێت: ئێستا %40ی پڕۆژەکە کاری تێدا کراوە، کاتی خۆی گرێبەستەکە بۆ ئەوە بوو بە دوو ساڵ و نیو تەواو بکرێت، بەڵام بە هۆکاری قەیرانی دارایی کارکردن تێیدا وەستا.

بە وتەی نامیق هەورامی “لە ساڵی 2022 یەک ملیار و 400 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کرا، بۆ ئەوەی پڕۆژەکە تەواو بکرێت، ئەمساڵیش بڕی شەش ملیار دیناری بۆ دانراوە، لەو بڕە بۆ ئەمساڵ داوای سێ ملیار دینار کراوە تا ئەمساڵ کارەکانی پێ رایی بکرێت، تا ئێستا کارکردن تێیدا بەردەوامە”.

دروستکردنەوەی هۆڵی گەل، لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بودجەی بۆ تەرخانکراوە و وەزارەتی رۆشنبیری سەرپەرشتی پڕۆژەکە دەکات.

ئەو کاتەی لەساڵی 2013 هۆڵی گەل تێکدرا، تەمەنی هۆڵەکە زیاتر لە 50 ساڵ بوو، یەکەم نمایشی شانۆیی لەو هۆڵە لە ساڵی 1960 کراوە.