پۆندەکەی بانی ماران لەگەڵ خۆیدا ناوچەکە دەکاتە شوێنێکی گەشتیاری
964+
فەرمان سادق
دوای وەستانی بۆ ماوەی پێنج مانگ زیاتر، کارکردن لە دروستکردنی پۆندی بانی ماران دەستی پێکردەوە.
پۆندی بانی ماران، یەكیکە لە پۆندە گەورەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کە دەکەوێتە سنووری ناحیەی شۆڕش لە قەزای کۆیە.
ئەو پۆندە، درێژییەکەی 60 مەتر و بەرزییەکەی 16 مەترە و 550 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە.
ئەو پۆندە، یەکێکە لەو 20 پۆندەی لە سنووری پارێزگای هەولێر بڕیاری دروستکردنیان دراوە بۆ کۆکردنەوەی ئاوی باران و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاو، کارەکانی بەشێک لەو پۆندانەش تەواو کراون.
ماڵپەڕی پارێزگای هەولێر لەبارەی پۆندەکەوە دەڵێت: 75%ـی کارەکانی جێبەجێکراوە.
زیاتر دەشڵێت: بەهۆی گەورەییەکەی ئاوێکی زۆر گلدەداتەوە و بۆ کاری ئاودێریی دەبێت و زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەریشی بەراو دەکات، ئەوە جگە لەوەی سوودی زۆریشی دەبێت بۆ کاری ئاژەڵداری دانیشتووانی گوندەکانی ناوچەکە و لەهەمانکاتیشدا ئاوی ژێر زەوی زیاد دەکات، دوای تەواوبوونی پۆندەکەش ناوچەکە دەکات بە ناوچەیەکی گەشتیاری.