“كه‌تان”ـه‌كه‌ى كۆلیژى كشتوكاڵى دهۆك به‌رهه‌مدارتر بووه‌

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

دووه‌م ساڵه‌ خوێندكارانى كۆلیژى كشتوكاڵ به‌شی كێڵگه‌كان له‌ پارێزگاى دهۆك، رووه‌كى “كه‌تان” ده‌چێنن، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌رهه‌مه‌كه‌یان له‌چاو ساڵى ‌ پار باشتره‌، پێشنیار ده‌كرێت كارگه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مه‌كانى ئه‌و رووه‌كه‌ دابمه‌زرێندرێت.

د. فه‌تحى عه‌بدولكه‌ریم سه‌رۆكى به‌شی كێڵگه‌ كشتوكاڵیه‌كان له‌ كۆلیژى كشتوكاڵ، به‌ 964ـى وت “رووه‌كى كه‌تان وه‌كو گه‌نم و جۆ بایه‌خ و گرنگی هه‌یه‌ چونكه‌ له‌ به‌شه‌كه‌مان خوێندكارانمان له‌ قۆناغى سێ ده‌یخوێنن”.

د. فه‌تحى ده‌شڵێت، رووه‌كى كه‌تان له‌سه‌ر خاكێكی سروشتى له‌رێى تۆوه‌  ده‌چێنن، تا ئێستاش سه‌ركه‌وتوو بوونه‌، له‌باره‌ى به‌رهه‌می ئه‌مساڵیشیان وتى “به‌ر‌هه‌مه‌كه‌ له‌چاو ساڵى پار زۆرتره‌، كه‌ بۆ هه‌ر خوێندكارێك به‌ رووبه‌روى سێ به‌ چوار مه‌تر چێندراوه‌”.

ناوبراو وایده‌بینێت، ئەگەر گرنگی زیاتر به‌و پرۆژەیه‌ بدرێت، له‌داهاتوودا پێویست ده‌كات كارگه‌یه‌كی تایبه‌ت دابمه‌زرێندرێت بۆ دروستكردنى به‌رهه‌مه‌كان رووه‌كى كه‌تان و كه‌سانى شاره‌زاش به‌ڕێوه‌ى ببه‌ن.

964 ده‌زانێت، رووەکى “کتان” به‌ سێ قوناغ دێته‌ به‌رهه‌م، یه‌كه‌مجار له‌ مانگى 11 ده‌چێندرێت، دواتر له‌ مانگى سێ دا شین ده‌بێت و گوڵ ده‌گرێت، له‌مانگى شه‌شیشدا دێته‌ به‌رهه‌م، ئه‌نجامى به‌رهه‌مه‌كه‌شی جۆره‌ زه‌یتێكی سروشتى و ته‌ندروستى لێ به‌رهه‌م دێت و جۆره‌ ریشاڵۆكێكیش به‌رهه‌مدێنێ كه‌ بۆ دروستبوونى قوماش به‌كارده‌هێندرێت.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن