هەزار و ٥٠٠ پیاو و ١٥ ژنی فێر کردووە

شلێر ١٢ ساڵە پیاوان فێری لێخووڕینی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دەکات

میدیازان – دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

+وێنە و ڤیدیۆ

شلێری تەمەن پەنجا ساڵان، کۆتایی بەو قسە باوە دەهێنێت کە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر تەنیا هی پیاوانن، وێڕای ئەوەی خۆی فێر دەکات، نووسینگەیەکی فێربوونیش دەکاتەوەو تا ئێستا زیاتر لە پانزە ژن و هەزار پیاوی فێر کردووە.

شلێر غەریب، دانیشتووی شاری سلێمانییە و خاوەنی نووسینگەی هاوژینە بۆ راهێنانی فێرکردنی ئۆتۆمبێل، ئەو بۆ میدیازان باسی لەوە کرد، دەبێت ژنان بە کردار یەکسانیی نێوان ژن و پیاو بسەلمێنن.

نووسینگەی هاوژین دەکەوێتە گەڕەکی ئاشتی شاری سلێمانی، لە ٢٠٠٨ـەوە کراوەتەوە، وەک شلێر غەریب دەڵێ، تا ئێستا ١٥ ژن و زیاتر لە هەزارو ٥٠٠ پیاوی فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر کردووە.

میدیازان دەزانێت، شلیر ٢٢ ساڵە خۆی مۆڵەتی شوفێری هەیەو ١٤ ساڵیشە لە نووسینگەکەی خەڵک فێر دەکات، لەگەڵ ئەوەی هەموو کارو پیشەیەک کێشەو گرفتی خۆی هەیە، بەڵام  ئەو دەڵێ تائێستا رووبەڕووی گرفتێکی گەورەو ناخۆش نەبووەتەوە.

شلێر غەریب، خێزاندارەو دەڵێ، خێزانەکەی زۆر هاوکارییان کردووەو پشتگیری تەواویان لێکردووە، وتی “من لە هەرێمی کوردستان تەنها ژنم لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر فێری فێرخوازان بکەم”. زیاتر وتی “ئەگەر راهێنان لەسەر ئۆتۆمبێلی بچووک بە شۆفێران بکەم ئەوا رۆژانە هەشت فێرخواز فێر دەکەم، بەڵام بۆ بارهەڵگر رۆژانە دەتوانم چوار کەس فێر بکەم”.