لە کەرکوک بە چەقۆ و کەتەر گەنجێک ئەشکەنجە دەدرێت

میدیازان – کاروان ساڵحی – کەرکوک

شەوی رابردوو لە کەرکوک، بە چوار کەس گەنجێکیان رفاندووە بۆ یاریگای نێودەوڵەتی شارەکە، بەستویانەتەوە بە ستونێکەوە و بە چەقۆ و دار و کەتەر ئەشکەنجەیان داوە.

دوای ئەوەی پۆلیس ئاگادار دەکرێتەوە، چوار کەسەکە هەڵدێن و گەنجەکەش دەبردرێتە نەخۆشخانە، ئەمە بە قسەی شایەتحاڵەکان.

سەرچاوەیەک لەناو پۆلیسی کەرکوک بە میدیازانی وت،  کاتژمێر ١٠:٣٠ی شەوی رابردووو، لەلایەن هاوڵاتیەکەوە ئاگادارکراونەتەوە کە لەلایەن چوار کەسەوە گەنجێک بە لێدان و ئەشکەنجە براوەتە “مەلعەبەکە”.

یاریگایەکی نێودەوڵەتی تەواو نەکراو هەیە لە گەڕەکی شۆریجەی کەرکوک، دانیشتووانی ئەو شارە پێی دەڵێن مەلعەبەکە.

سەرچاوەکەی پۆلیس وتیشی، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی پۆلیسی فریاکەوتن گەیشتووەتە شوێنی دیاریکراو، بۆیان دەرکەوتووە، گەنجێکی ١٦ ساڵانە و بە ستونێکەوە بەستراوەتەوە و بە توندی ئەشکەنجە دراوە.

لەبارەی شێوازی ئەشکەنجەکانەوە، سەرچاوەکەی میدیازان باسی ئەوەی کرد، کە بە چەقۆ و دار و کەتەر لە پشت و سک و ئەژنۆی گەنجەکە دراوە.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس ئەوە بەهۆی ناکۆکی نێوان دوو بنەماڵەوە بووە، پێشتریش شەڕ و پێکدادان هەبووە لە نێوانیان، تاوەکو ئێستا حەوت جار سکاڵایان لە دژی یەک تۆمارکردووە.

سەرچاوەکەی پۆلیس ئامادە نەبوو زانیاریی زیاتر لەسەر گەنجەکە و چوار کەسە هێرشکەرەکە بدات.

ئەمڕۆ بنەماڵەی کوڕە ١٦ ساڵەکە سکاڵای یاساییان تۆمارکردووە، بەڵام چوار کەسەکە دیار نین و هەڵاتوون، هێشتا دەستگیر نەکراون.