لە دهۆک “تەقەی خۆشی” دوو کەسی بە گرت دا
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
لە دوێنێ دووشەممەوە تاوەکو ئێستا، پۆلیسی دهۆک دوو کەسی بە تۆمەتی “تەقەکردن بۆ خۆشی” دەستگیرکردووە.
پۆلیس دەڵێت، زانیارییان هەیە کە چەند کەسێکی دیکەش تەقەیان کردووە، بەڵام هێشتا دەستگیرنەکراون.
هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە 964ی وت، “شەوی رابردوو بە هەوڵێکی زۆر توانیمان دوو کەس بەهۆی تەقەکردنەوە دەستگیربکەین”.
وتەبێژەکەی پۆلیسی دهۆک زیاتری وت، “پێش هەڵکردنی ئاگری نەورۆز رێنماییمان داوەتە خەڵک کە هیچ کەسێک تەقە نەکات و خۆشی خەڵک بکاتە ناخۆشی”.
964 دەزانێت ئەو کەسانە بەپێی مادەی 495 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون، کە ئەگەر بە کەفالەت ئازاد نەکرێن، ئەوا بۆ ماوەی مانگێک بەند دەکرێن، ئەوە جگە لە غەرامەکردن بە بڕێک پارە.