له‌مه‌ودوا كریستیانه‌كانى سۆران خاوه‌ن هۆڵى چالاكیه‌كانیانن
964+
ئاسۆ وەرتی ـــ سۆران
له‌مه‌ودوا كریستیانه‌كانى سنورى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران، خاوه‌ن هۆڵى تایبه‌ت به خۆیانن بۆ ئه‌نجامدانى چالاكییه‌كانیان، به‌ڕێوه‌به‌رى سه‌نته‌رى رۆشنبیری ئاشوریش ده‌ڵێت، ئه‌م هۆڵه ده‌بێته پردێك بۆ زیاتری ئەم بەیەکەوە ژیانەیان.
بەپێی ئه‌و ئاماره نا فەرمییه‌ی ده‌ست 964 كه‌وتووه، ژمارەی کریستیانەکانی سنوری ئیدارەی سه‌ربه‌خۆى سۆران، نزیكه‌ى هه‌زار کەسە و هه‌ر له درێرزه‌مانیشه‌وه بەسەر سێ شوێنى جیا دابەشبوونه، ئەوانیش هەریەک له ناحیەی دیانا و گوندی هاودیان و گوندی بێدیان لە قەزای مێرگەسور.
ئەمڕۆ یەکشەممه هۆڵی سەنتەری رۆشنبیری ئاشوری لە ناحیەی دیانا کرایەوە، ئه‌مه‌ش وه‌ك له مه‌ڕاسیمی كردنه‌وه‌ى ئاماژه‌ى پێدرا، بۆ زیاتر برەودانه بە تواناکانی گەنجان و لاوانی ئاشوری له ئیداره‌ى سۆراندا.
ئیڤان جانێ، بەڕێوه‌بەری سەنتەری رۆشنبیری ئاشوری، بە 964ـی وت “شوێنکمان نەبوو تایبەتمەند بێت بە گەنج و کەسانی رۆشنبیر، به‌ڵام ئه‌م هۆڵه ده‌بێتە پردێک بۆ زیاتری ئەم بەیەکەوە ژیانەمان”.
به‌قسه‌ى ئیڤان، ئه‌م هۆڵه ناوه‌ندێك ده‌بێ بۆ ئاڵوگۆڕکردنی هەموو چالاکیەکانی دەڤەری سۆران، وتیشی “هیوایەکیشه بۆ گەنجانمان بە تایبه‌ت ئەوانەی بەهرەمەندن، بۆ ئەوەی بتوانن بەهرەی خۆیان نیشانبدەن و کاری لەسەر بکەن”.
سنوری ئیدارەی سه‌ربه‌خۆى سۆران، یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ى هه‌رێمی كوردستانه، كه تیایدا پێکەوەژیانی موسڵمان و کریستیانەکانى له دێرزه‌مانه‌وه تێدا به‌دی ده‌كرێت كه زۆرینه‌ى ئه‌و كریستیانانه‌ش له ناحیه‌ى دیانا دەژین.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن