كێشه‌ى كاره‌با له‌ گونده‌كانى بجیل چاره‌سه‌ركرا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ كێشه‌ى كه‌میى و نه‌بوونى كاره‌با له‌ به‌شێك له‌ گونده‌كانى ناحیه‌ى بجیل سه‌ریهه‌ڵداوه‌، به‌رپرسی چاككردنه‌وه‌ى كاره‌باش ئاماژه‌ به‌ نه‌بوونى ئامێر و كه‌لوپه‌لى پێویست له‌ بنكه‌كه‌یان ده‌كات، به‌ڵام ده‌شڵێت “كێشه‌ى كاره‌بامان چاره‌سه‌ر كردووه”‌.

ناحیه‌ى بجیل له‌ سنوورى قه‌زاى ئاكرێ، 63 گوند له‌ سنووره‌كه‌یه‌تى ، به‌رده‌وام گرفنى كاره‌با له‌و گوندانه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌تیش له‌وه‌رزى باران باریندا.

نه‌زیر خدر سورچی به‌رپرسی به‌شی چاككردنه‌وه‌ى كاره‌باى ناحیه‌ى بجیل، به‌ 964ـى وت “كێشه‌ى كاره‌با له‌ زۆر گوندى سنووره‌كه‌مان هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا هه‌موویان چاره‌سه‌ركراون”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئامێر و كه‌لوپه‌لى پێویست له‌ بنكه‌كه‌یان وه‌ك پێویست نیه‌، ناچارن داوا له ‌سه‌رووى خۆیان بكه‌ن تا دابین ده‌كرێت، ده‌شڵێت “تا وه‌ڵاممان ده‌درێته‌وه‌ كاتى زۆرى پێویسته‌”.

ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد،‌ له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا كێشه‌ى كاره‌بایان له‌ گونده‌كانى سوێسناوه، میربارى، كه‌نده‌بۆر، بیكار، كه‌ونه‌سه‌له‌، و چه‌ند گوندێكی تر، هه‌بووه‌، به‌ڵام چاره‌سه‌ر كراون.

وه‌ك ناوبراو باسیده‌كات، دوایین چاككردنه‌وه‌ش گۆڕینى محاویله‌ى گوندى “كانى دڕێ” بوو، كه‌ له‌ 13 ماڵ پێكهاتوون، “تا چاكمانكرده‌وه‌ شه‌وێك ئه‌و گونده‌ بێ كاره‌با بووه”.