هونەرمەند بەکر رەشید جەڵتە لێیداوە

میدیازان – پەرستۆ ساڵح – هەولێر

دەرهێنەر و ئەکتەری کورد، بەکر رەشید ناسراو بە کەسایەتی “شێرکۆ” لە درامای گەردەلول، بەهۆی خراپی تەندروستیەوە رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە میدیازانی وت، “لە چەند رۆژی رابردوودا بەکر رەشید بەهۆی جەڵتەوە بەپەلە رەوانەی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەیەکی تایبەتی سلێمانی کراوە، چارەسەری پێویستی بۆ کراوە، پاش چەند رۆژێک مانەوەی گەڕاوەتەوە ماڵەوە”.

بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستی بەکر رەشید، میدیازان پەیوەندی کرد بە ناوبراوەوە، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.

ئەکتەر و پزیشک دکتۆر تەها مەحمود لە هەژماری خۆیەوە لە فەیسبوک وێنەیەکی لەگەڵ بەکر رەشید و نەرمین کاوانی بڵاوکردووەتەوە لە کاتی سەردانی بۆ نەخۆشخانە، داوا دەکات نزای چاک بوونەوەی بۆ بکرێت.

هونەرمەندو دەرهێنەر بەكر رەشید لەساڵی 1957 لەشاری سلێمانی لەگەرەكی سابونكەران لەدایك بووە خوێندنی ئامادەیی هەر لەوشارە تەواوكردوە دواتر چۆتە خوێندنی باڵا لەشاری بەغداد بۆ تەواوكردنی پەیمانگای هونەرە جوانەكان، بەهۆی نەبوونی بە بەعسی لەپەیمانگا وەرنەگیراوە ئێستا پسپۆرە لەبەشی شانۆ لەبەرێوەبەرایەتی هونەری شانۆ لە سلێمانی، وەك ئەكتەر لەنزیكەی 8 شانۆگەری رۆڵی بینیوە و وەك دەرهێنەریش نزیكەی 9 كاری ئەنجامداوەو لەبواری دراماشدا وەك نواندن لەسێ زنجیرەی درامای ژاڵە، رۆشنا، گەردەلوول بەشداری كردووە لەدەرەوەی وڵاتیش ئەو كارانەی كەكردویەتی بریتین لەشانۆیی مەملكەتی كۆترەكان، باڵندەی دەریا، دوا گۆرانی.