لە بەغدا بڕیار درا

سەرۆکی یانەی هەولێر (بە شێوەیەکی کاتی) لە سەرۆکایەتی یانەکە سڕکرا

ئەرسەلان عەبدوڵا

ناوەندی یەکلاکردەوە و دادگای وەرزشی لە بەغدا بڕیاری سڕکردنی سەرۆکی یانەی هەولێری دا بە شێوەیەکی کاتی، ئەمەش لەسەر سکاڵای سکرتێری یانەی هەولێر.

بەپێی نووسراوێک کە دەست 964 کەوتووە، ناوەندی یەکلاکردەوە و دادگای وەرزشی لە بەغدا، بڕیاری سڕکردنی سەرۆکی یانەی هەولێر سەفین یاسینی داوە بە شێوەیەکی کاتی و ئەندامیەتی ئەویشی لە دەستەی کارگێڕیی یانەکە هەڵپەساردووە، ئەمەش بەهۆی سکاڵایەک، کە لە لایەن “ئاڵا دێدەوان” سکرتێری یانەی هەولێر پێشکەش کرا و بابەتەکە پەیوەندی بە هەڵبژاردنی سەفین یاسین وەک سەرۆکی یانەکە هەیە.

بەپێی نووسراوەکە، کە رێکەوتی 18.5.2026ی لەسەرە، سەرۆکی یانەی هەولێر، کە ئەندامی پەرلەکانی عێراقیشە، پێشێلی بڕگە یاساییەکان و میساقی ئۆڵمپی و پەیڕەوی ناوخۆی کردووە و پابەندی بڕیارە دادوەرییەکان نەبووە، بۆیە بڕیاری سڕکردنی دراوە و نووسراوە ناونیشانی “بەپەلە”ی لەسەرە.

پێدەچێت ئەم بڕیارە و سکاڵاکەی ئاڵا دێدەوانی سکرتێری یانەکە، لە دوای ئەوە بێت، کە سەرۆکی یانەی هەولێریش بڕیاری سڕکردنی سکرتێری یانەکەی داوە و لە هەولێر بە پێی بڕیاری دادگا لە کار لابراوە و ئەویش لە بەغدا سکاڵای لەسەر تۆمار کردووە.

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە وەرزی تۆپی پێی ئەمساڵ لە کۆتاییە و هەولێر ئەمڕۆ یارییەکی چارەنووسسازی بەرامبەر یانەی شوڕتە هەیە، تیپەکە ئامانجی ئەوەیە ئەم وەرزە پلەی دووەم یان سێیەم بەدەست بهێنێت.