نەتەوە یەکگرتووەکان:
سوریا گەورەترین قەیرانی ئاوارەیە لە جیهاندا
964+
فەهمی نەبی
دوای خۆپیشاندانەکانی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی کە لەساڵی 2011 لە تونس دەستیپێکرد دواتر ناودێرکرا بە “بەهاری عەرەبی”، رۆژی 15ی ئادار خۆپیشاندان لە شارەکانی سوریا دەستیپێکرد، بەگوێرەی ئامارەکان تا ئەمڕۆ نزیکەی 600 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و هێزی چوار وڵات لەسەر خاکی سوریا سەربازیان هەیە.
ئەمڕۆ 15.3.2023 هەریەکە لە نەتەوەیەکگرتوەکان و روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماری گیان لەدەستدان و ئاوارەبوونی 12 ساڵەی شەڕ و خۆپیشاندانەکانی سوریایان بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەرووی 13 ملیۆن هاوڵاتی سوری لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانەوە ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی سوریا بوون، کە لەو ژمارەیە شەش ملیۆن و 600 هەزار کەسیان ئاوارەی دەرەوەی سوریا بوونە.
لە راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەوەش هاتووە، تا ئێستا سوریا گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوونی هەیە لەسەر ئاستی جیهان.
لەلایەکی دیکە بەپێی ئامارێکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە تا ئەمڕۆ ئەوانەی لای ئەوان ناویان تۆمارکراوە 503 هەزار و 64 کەس گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە 162 هەزار و 390 کەسیان هاوڵاتی ئاسایی بوون، کە لەنێویاندا 25 هەزار و 546 منداڵ هەیە.
هەر بەگوێرەی ئامارەکەی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆف، لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا، 91 هەزار و 929 سەربازی سوری گیانیان لەدەستداوە.
لەو ماوەیە ژمارەی ئەوانەی لە ریزی هێزەکانی سوریای دیموکرات گیانیان لەدەستداوە، 11 هەزار و 95 کەس بوونە، هاوکات لە ریزی یەکینەکانی پاراستنی گەل “یەپەگە” سێ هەزار و 239 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.