بەندکراوەکان داوای زیادکردنی ژوانی خێزانی دەکەن

“مانگی تەنیا یەک جارە و زیاتر نییە”

میدیازان – پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بەندکراوانی زیندانەکانی هەرێمی کوردستان داوای زیادکردنی ژوانی خێزانییان کردووە لە لیژنەیەکی پەرلەمان، کە لە ئێستادا مانگی تەنیا یەکجارە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر.

ژوانی خێزانی بریتییە لە یەکتربینینی هاوسەران بۆ کاری سەرجێیی، ئەو ژن و پیاوانەی لە زیندانن و هاوسەرەکەیان لە دەرەوەیە، بەپێی یاسا دەتوانن لە زیندان ئەو کارە ئەنجام بدەن.

بەدرییە ئیسماعیل، بڕیاردەری لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان بە میدیازانی وت، “لە سەردانماندا بۆ چاکسازییەکان، داواکاریی زیادکردنی ژوانی خێزانیمان پێ دراوە و ئێمەش دەیگەیەنین بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی”.

بە پێی فەرمانێکی وەزارەتەکە، بە ژمارە (١٧١٨) لە ١٨ـی ١٠ـی ٢٠١٥ دەرکراوە، تیایدا رێکار بۆ ژوانی خێزانی کراوە.

فەرمانەکە دەڵێت، “نابێت ژوانەکە لە مانگی جارێک و لە سێ کاتژمێر زیاتر بێت و پێویستە زیندانیکراوەکە گرێبەستی هاوسەرگیریی هەبێت، هەروەها ژوانەکە لە دوای شەش مانگ لە بەندکردنی سزادراو جێبەجێ دەکرێت بە رەزامەندی هەردولا”.

هەر بەپێی فەرمانەکە، زیندانییەکان مافی خستنەوەی نەوەیان هەیە، بە مەرجێک ژنەکە یان پیاوەکە سزای لەسێدارەدانیان نەبێت.

میدیازان پەیوەندی بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد، ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتەکە وتی، “ژوانی خێزانی مافی هەر زیندانییەکە چ ژن بێت یان پیاو، ئێمەش لە زیندانەکان بە گرتنەبەری رێکاری پێویست و شوێنی تایبەت ئەو دەرفەتەمان بۆ رەخساندوون”.

بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازی هەیە، چواریان چاکسازیی گەورانن و ژمارەی زیندانیکراوەکانیان زیاتر لە چوار هەزار و ٥٠٠ کەسن.

ئاریان ئەحمەد دەڵێت، چاوەڕێن داواکاریی زیادکردنی ژوانی خێزانی بە نوسراو بگاتە دەستیان و لە وەزارەت کاری لەسەر بکەن، “کە قابیلی رەتکردنەوە و جێبەجێکردنیشە”.