500 گەنجی دهۆک فێری دەیان پیشەی جیاواز دەکرێن

964+

هێڤی دێوالی – دهۆك


بە ئامانجی پێشخستنی توانای گەنجان دوو رێكخراو لە دەڤەری بادینان چەندین خولی جۆراوجۆر بۆ 500 گەنج دەكەنەوە.

ماوەی 25 رۆژە 500 گەنجی بادینان لە خولەکانی سەرتاشین، درومان،كۆمپیوتەر،  شیرینی، چاککردنەوەی مۆبایل، بازاڕی دیجیتاڵی، دیزاینی خانوو دان، پێنج رۆژیان ماوە کۆتایی بە خولەکەیان بهێنن.

خولەکە لەلایەن رێکخراوی WFP و سەنتەری كۆمەڵایەتی پاراستنی منداڵانی دهۆکەوە کراوەتەوە. 

خولەکان تەنیا لە سەنتەری دهۆک نابێت، بەڵکو لە ئامێدی و زاخۆ و ئاكرێ و شنگالیش بەهەمان شێوە خولەکان بەڕێوەدەچن و کەسانی عەرەب و ئاوارە و خاوەن پێداویستی تایبەتیش دەتوانن تێیدا بەشدار بن.

سەرجەم خولەكان بەخۆڕای دەبن و زیاتر گرنگیش دەدرێت بە كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بەڵام هەموو كەسێكیش دەتوانێت بەشداری بكات لە خولەكاندا.

خالید عوسمان، بەڕێوەبەری سەنتەری كۆمەڵایەتی پاراستنی منداڵان بە 964ی وت، ئامانجمان لەم خولانە چالاككردن و بەرەو پێشەوەبردنی توانای گەنجانە، خولەكە بۆ ماوەی 30 رۆژ لە تەواوی دهۆك و زاخۆ و ناوچە جیاوازەكانی ئەو دەڤەرە بەردەوام دەبێت.

زیاتر وتی “زیاتر لە 500 کەس بەشدارن لە خولەکە”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق