زانیارى نوێ
دوایین هەناسەکانی مۆڵەتەکەی ترەمپ؛ “ئایا تا کاتژمێر 8 دەگەینە رێککەوتن؟”
964+
وریا فەتاح
لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتژمێری سفر و کۆتاییهاتنی ئەو مۆڵەتەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئاگربەست دیاریی کردبوو، گۆڕانکارییەکی خێرا لە ناوەڕۆکی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران دروست بووە و ئێستا کێبڕکێیەکە تەنیا لەگەڵ کاتدایە.
بەرپرسێکی ئەمریکی ئاستی هەستیاریی ئەم چەند کاتژمێرەی کۆتایی بۆ ماڵپەڕی “ئاکسیۆس” کورتکردووەتەوە و دەڵێت:
“پێشتر لەناو کۆشکی سپی پرسیارەکە ئەوە بوو: ئایا دەگەینە رێککەوتن؟ بەڵام ئێستا پرسیارەکە بووە بەوەی: ئایا دەتوانین تا کاتژمێر 8ـی ئەمشەو (3:00ـى بەرەبەیان بە کاتى کوردستان)، بگەینە رێککەوتن؟”
ئەم گۆڕانکارییە نیشانەی ئەوەیە کە لایەنەکان لەسەر بنەما سەرەکییەکان نێزیکبوونەتەوە، بەڵام گرفتی سەرەکی ئێستا “کاتژمێرە”. ئەگەر تا کاتژمێر 8ـی شەو (بە کاتی واشنتن) رێککەوتنی کۆتایی رانەگەیەنرێت، یان ترەمپ بەو پێشکەوتنانە قایل نەبێت کە بەدی هاتوون، ناوچەکە رووبەڕووی پەرەسەندنێکی سەربازیی بێوێنە دەبێتەوە.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکانى “ئاکسیۆس”، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی مەیدانی و راستەوخۆ لەناو وردەکاریی دانوستانەکاندایە بۆ ئەوەی رێگری لە تەقینەوەی بارودۆخەکە بکەن پێش بەسەرچوونی وادە دیاریکراوەکە.