وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر
ئێران بۆ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی:
“ئێوە بێ هەڵوێستن و مەترسی هەیە”
+964
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران محەمەد ئیسلامی لە نامەیەکدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە ئاراستەی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کردووە، دەڵێت: بێ هەڵوێستی ئاژانسەکە، ئازایەتی داوە بە دەستدرێژکاران دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وەک وێستگەی بوشەهر بۆردومان بکەن.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئیسلامی ئەوەی روونکردووەتەوە، تا ئێستا تاکە وێستگەی ئەتۆمیی مەدەنی ئێران کە کارا بووە، بوشەهرە و چوار جار کراوەتە ئامانج، دوایین هێرشیش لە چواری نیسان روویداوە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێکی ئەمنی گیانی لەدەستداوە و کەسانی دیکەش بریندار بوون.
هۆشداریشی دا لەوەی ئەم جۆرە هێرشانە دەتوانن ببنە هۆی دزەکردنی ماددە تیشکدەرەکان، کە دەکرێت “دەرئەنجامەکانی سەخت و نەگەڕاوەبن” بۆ دانیشتووان و ژینگە و وڵاتانی دراوسێیش.
سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، هێرشەکانی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد و رەخنەی لەوە گرت کە بە “بێ هەڵوێستی” ئاژانسەکە لە گرتنەبەری رێوشوێنی یەکلاکەرەوە و تەنیا دەربڕینی نیگەرانی بەس نییە و هاندەری هێرشی زیاترە لە لایەن دەستدرێژیکارانەوە.
وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر وەک ئێران دەڵێت، تاکە وێستگەی مەدەنیی ئەتۆمییە کار دەکات، کە لەلایهن رووسیا له 2013 دروست كراوه.