لەسەر درۆنێکى هەڵە

کۆریای باشور بەفەرمی “داوای لێبوردن”ـی لە کۆریای باکور کرد

964+

فەرهاد حەسەن

لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشور داوای لێبوردنی لە کۆریای باکور کرد دوای رووداوی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە، و جەختی لە پابەندبونی سیئۆل کردەوە بۆ رێگریکردن لە رووداوی هاوشێوە لە داهاتودا.

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی کۆریای باشوور لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا وتی، “کەسێکی کۆریای باشور بەبێ رەزامەندی حکومەت درۆنەکەی هەڵداوە. هەرچەندە ئەوە مەبەستی حکومەتەکەمان نەبووە، بەڵام داوای لێبوردن لە کۆریای باکور دەکەین لەبەر ئەو گرژییە سەربازییە ناپێویستەی کە بەهۆی کارە نابەرپرسانە و سەرکێشەکانی هەندێک کەسەوە دروستبووە”.

هەفتەی رابردوو داواکاری گشتی لە کۆریای باشور سێ کەسی تۆمەتبار کرد بە هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر خاکی کۆریای باکوردا لە نێوان مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو و كانوونی دووەمـی 2026ـدا.

یەکێک لە تۆمەتبارەکان خوێندکارێکی خوێندنی باڵایە لە تەمەنی سییەکانیدا، لەگەڵ کارمەندێکی ئاژانسی هەواڵگری نیشتمانی و ئەفسەرێکی سەربازی.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، کۆریای باکور هۆشداری دابوو لە “وەڵامێکی توند” ئەگەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی زیاتر ببینێت کە لە باشورەوە ئاسمانی وڵاتەکەی دەبەزێنن.

پیۆنگ یانگ لە سەرەتای مانگی یەكی ئەمساڵدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خستەخوارەوە و وتی “کەرەستەی چاودێری” هەڵگرتوە.

لە کاتی دەستبەکاربونییەوە، لی جای میۆنگ هەوڵی چاککردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆریای باکور داوە و رەخنەی لە پێشینەکەی گرتووە بۆ ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر پیۆنگ یانگدا بۆ مەبەستی پڕوپاگەندە.