گەرووی هورمز
ئێران رێگەی پێدا
کەشتییەکی نەوتی عێراق گەرووی هورمزی تێپەڕاند
+964
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئاژانسی بلومبێرگ و گرووپی بۆرسەکانی لەندەن بڵاویانکردەوە، کەشتیی نەوتی عێراقی ئۆشن ساندەر، گەرووی هورمزی تێپەڕاند، کە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بەسڕەی هەڵگرتووە و بڕیارە ناوەڕاستی ئەم مانگە لە مالیزیا بارەکەی بەتاڵ بکات.
ئێران رێگەی دا کەشتییەکانی عێراق بە گەرووەکەدا تێپەڕن و بۆ ئەمەش وەزیری دەرەوەی عێراق سوپاسی حکومەتی ئێرانی کرد.
کەشتییەکەی عێراق لە جۆری سویزماکسە و لە سەرەتای ئاداری رابردوو نەوتەکەی لێ بارکراوە و ناوەڕاستی ئەم مانگە دەگاتە مالیزیا و بازاڕی ئاسیا.
بە گوێرەی بلۆمبێرگ، کەشتییەکە بە نێوان هەردوو دوورگەی لارک و قەشمی ئێراندا تێپەڕیوە بە رێپێدانی لایەنی ئێرانی.
هەر لەمبارەیەوە ئیبراهیم زۆلفەقاری، وتەبێژی بارەگای خاتەم ئەلئەنبیای ئێران، پێشتر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو، عێراق بەخشراوە کە لەو سنووردانانەی لە گەرووەکەدا سەپێنراون، جەختی لەوەش کردەوە کە رێوشوێنەکانی ئێران سنووردارە بەو وڵاتانەی کە تاران بە “دوژمن” پۆلێنیان دەکات، هاوکات ئاماژەی بە رێزگرتن لە سەروەری عێراق کرد.