ئاوی چەند گەڕەکێک لەو شوێنە کۆدەبێتەوە
بن پردی سەیداوە خاوێن کرایەوە و زنجیرێکی ئەستووریشی لێدرا
964+
شۆڕش قادری
دوای بارانە بەخوڕەکەی دوێنێ و ژێرئاو کەوتنی چەند ئۆتۆمبێلێک لەبن پردی سەیداوەی هەولێر، شوێنەکە خاوێن کرایەوە و بەیەکجاریش داخرا.
هەر لەگەڵ بارانێکی بەلێزمە ئاوێکی زۆر لەبن پردی سەیداوە کۆدەبێتەوە، هەرچەندە پێشتر هۆشداری دراوەتە هاوڵاتیان و شۆفێران ئۆتۆمبێلەکانیان لەو شوێنە رانەگرن، بەڵام فایدەی نییە و هەر ئەمساڵ چەند جارێک ئۆتۆمبێل لەو شوێنە ژێرئاو کەوتووە و دوێنێش چەند دانەیەک زەرەرمەند بوون.
ئەمڕۆ شەممە 4.4.2026 شوێنەکە وشک و خاوێن کراوەتەوە و زنجیرێکی گەورەش لە شوێنی چوونەژوورەوە دراوە بۆ ئەوەی چیدی هاوڵاتیان تووشی زەرەر و زیان نەبن.
بن پردی سەیداوەی ئێستا، کەندی کۆنی هەولێرە و لەگەڵ بارانبارین ئاوی چەند گەڕەکێکی بۆدێتەوە و رێک لەو شوێنەدا کۆدەبێتەوە، سەردەشت سەرسام بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر بە 964ـی وت، “لەبەر ئەوەی، دەرچە و رێڕەوی پردەکە بچوکن، ئاوەکە بەئاسانی ناڕوات و ئەو بەزمەی لێدەکەوێتەوە”.
باسی لەوەشکرد، بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە پڕۆژەیەکیان بەتێچووی 17 ملیار دینار خستووتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران بەڵام بەپاساوی نەبوونی بودجە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری