دوو رۆژە دابەشکردن وەستاوە

لە شارەزوور کێشەیەکى نوێ لە دابەشکردنى غاز سەریهەڵدا

964+
وریا فەتاح

بەهۆی ململانێی نێوان “بڕیاری قایمقامیەت” و “داخوازی هاوڵاتیان”، ماوەی دوو رۆژە دابەشکردنی غاز لە قەزای شارەزوور پەکیکەوتووە و هێزە ئەمنییەکان بۆ رێگریکردن لە ئاڵۆزی چوونەتە ناو کارگەی غازی شارەزوور لە “دسکەرە”.

کێشەکە لەوەوە دەستی پێکردووە، ماوەی دوو رۆژە غاز گەیشتووەتە کارگەکە، بەڵام هاوڵاتیان بە بوتڵەکانیانەوە چوونەتە ناو کارگە و رێگری دەکەن لەوەی غازەکە بدرێتە بریکارەکان (وەکیلەکان)، ئەوانیش داوا دەکەن هەر لەناو کارگەدا بتڵەکانیان بۆ پڕ بکرێتەوە.

نزار موسا، لێپرسراوی لیژنەی سووتەمەنی لە قایمقامیەتی شارەزوور بە 964ـى راگەیاند: “ماوەی دوو رۆژە غاز گەیشتووە، بەڵام هاوڵاتیان رێگرن لەوەی غازەکە بدەینە وەکیلەکان بۆ ئەوەی بە یەکسانی و لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە دابەش بکرێت. ئێمە پێشتر بڕیارمان داوە کە نابێت هیچ هاوڵاتییەک بوتڵ بباتە ناو کارگە، بەڵام هاوکار نین و بەو هۆیەوە دابەشکردن راگیراوە.”

سەنگەر ئەنوەر، خاوەنی کارگەی غازی شارەزوور دەڵێت، ئەوان لە نێوان بڕیاری حکومەت و فشاری هاوڵاتیاندا گیریان خواردووە.
سەنگەر ئەنوەر بە 964ـى وت: “دوو رۆژە غازمان بۆ هاتووە، مشتەرییەکانمان بوتڵیان هێناوە و داوای پڕکردنەوە دەکەن، بەڵام قایمقامیەت رێگری دەکات. ئێستا هێزە ئەمنییەکان هاتوون بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونی پشێوی بکەن، داواکارین بە زووترین کات کێشەکە چارەسەر بکرێت.”

قایمقامیەتی شارەزوور جەخت دەکاتەوە کە دەیانەوێت غازەکە بە یەکسانی بگاتە دەستی هەموو ماڵان، نەک تەنها ئەو کەسانەی دەتوانن بچنە ناو کارگەکە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش دابەشکردنی غاز بە پەککەوتوویی ماوەتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

زیاتر لە 100 بریكاری غاز بەم شەوە لە بەردەم دادگایی هەول...

زیاتر لە 100 بریكاری غاز بەم شەوە لە بەردەم دادگایی هەولێر گردبوونەوە