شکستە لەبیرنەکراوەکە
“چنگی هەڵۆ” ئەو ناوەى بۆتە دێوەزمە بۆ سوپاى ئەمریکا
964+
ژوورى هەواڵ
چنگی هەڵۆ، ئەمە ئەو ناوەیە کە بووتە دێوەزمە بۆ سوپای ئەمەریکا و وایکردووە بەر لەوەی بچنە ناو خاکی ئێران سەد جار بیر بکەنەوە.
دوای ئەوەی هەموو هەوڵە دیبلۆماسییەکانی ئەمەریکا شکستی هێنا بۆ رزگارکردنی بارمتە ئەمەریکییەکان لە دەستی رژێمەکەی خومەینی، جیمی کارتەر سەرۆکی ئەو دەمەی ئەمەریکا بڕیاریدا هێزێکی تایبەتی ئەمەریکا بچنە ناو خاکی ئئێران و بارمتەکان رزگار بکەن، بەڵام سەرەنجامەکەی بە شکستێکی گەورەی ئەمەریکا کۆتایی هات.
شەوی 24ی نیسانی 1980 چەند یەکەیەکی تایبەت لە هێزە سەربازی و دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەمەریکا چوونە ناو خاکی ئێران، بۆ ئەوەی ئەو 52 دیبلۆماتکارو کارمەندەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بهێننەوە کە بە بارمتە گیرابوون.
هێزەکان بە فڕۆکەو کۆپتەر چوونە بیابانی تەبەس لە ئێران تا لەوێوە خۆیان بگەیەننە تاران، بەڵام لەپڕ گەردەلوول و خۆڵبارینێکی بەهێز هەڵیکردو لەو 8 کۆپتەرەی چووبوونە ناوەوە تەنیا 5 دانە گەیشتنە شوێنی مەبەست، بەڵام بۆ سەرگرتنی پلانەکە لانی کەم پێویستیان بە 6 کۆپتەر بوو، بۆیە بڕیاری کشانەوەیاندا. لەکاتی کشانەوەش کۆپتەرێکی دیکە خۆی کێشا بە فڕۆکەیەکی گواستنەوە لە جۆری C130 و بە هۆیەوە 8 سەربازی ئەمەریکی کوژران.
بەهۆی ئەم شکستەوە جیمی کارتەر لە هەڵبژاردنی ساڵی 1980 دۆڕاندی و رۆناڵد ریگن بووە سەرۆک، لەسەر ئاستی سەربازیش ئۆپەراسیۆنەکە گۆڕانکاری ریشەیی لەوەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دروستکردو بڕیاردرا فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان و تیمی 160ی فڕۆکەوانی دابمەزرێندرێت تا ئەم شکستانە دووبارە نەبنەوە.