لەناو چەقی بازاڕی رانیە
دوای حەوت ساڵ کانی مەلا سلێمان ژیایەوە
964+
فەرمان مەلاحەسەن – رانیە
کانی مەلا سلێمان لەناو بازاڕی قولە لە رانیە دوای حەوت ساڵ ژیایەوە و ئاوێکی ساف و زوڵاڵی لێ دەڕوا.
وەستا رەحمان کەبابچی لەناو بازاڕی رانیە دوکانەکەی لە تەنیشت کانییەکەیە، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “ئەو کانیە لە ساڵی 2019ـەوە و بەهۆی بێ بارانی و وشکەساڵی نەژیاوەتەوە، دوای بارانەکەی چەند رۆژی رابردوو پڕبووە لە ئاو و ژیاوەتەوە”.
“مێژووی کانییەکە کۆنە، ئەوەتی رانیە هەیە، ئەو کانییەش هەیە، ئاوی چاکی لەبەر دەڕۆی، بەهۆی دروستکردنی بینایەک لە تەنیشتی، دەماری ئاوەکەی تێکچووە و لای داوە، بەڵام دیارە ئەمساڵ ئاو زۆرە و ژیاوەتەوە”، وەستا رەحمان وادەڵێت.
باسی لەوەشکرد، ئاوێکی سازگار و زوڵاڵی هەیە و خەڵکی رانیە بۆ خواردنەوە کەڵکی لێ وەردەگرن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری