24 کاتژمێر دەمێننەوە تاوەکو داخلی تورکیا ببن

لە ئیبراهیم خەلیل رۆتین تەنگی بە گەشتیاران هەڵچنیوە

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

رۆتین گەشتیارانی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بە هەلاکەت بردووە، بەرپرسانی دەروازەکەش ئامادەنین قسەی لەسەر بکەن.

ئەگەر وەک گەشتیارێک بتەوێت لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بچیتە خاکی تورکیا، ئەوا مامەڵەی تێپەڕبوون لە دەروازەکە تاوەکو 24 کاتژمێری پێدەچێت.

ئەو رۆتینە زۆرە، لە کاتیکدایە رۆژانە خەڵکێکی زۆر بە مەبەستی بازرگانی، نەشتەرگەری، گەشتیاری لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل گەشت دەکەن بۆ وڵاتی تورکیا.

بەپێی بەدواداچوونی 964 بۆ بابەتەکە، دەرکەوتووە تەنانەت ئەوانەی بۆ نەخۆشیش گەشت دەکەن هەمان گلەییان هەیە و دەیانەوێت ئەو کێشە چارەسەربکرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە دوو بۆ سێ مانگ پێش ئێستاش، سەرەی گەشتیارەکان لە دەروازەکە – بەشی تورکیا، گەیشتبووە دەرەوەی دەروازەی زاخۆ و نارەزایەتی زۆر لێکەوتەوە و بەڕێوەبەری دەروازەکەش بەڵێنی چارەسەری دا.

ئەحمەد عەلی، یەکێکە لەو بازرگانانەی وەک خۆی دەڵێت مانگانە چوار بۆ پێنج جار بۆ بازرگانی دەچێتە تورکیا، ئەو قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: بەڕێوەبەری دەروازە پابەند نەبوو بە بەڵێنەکەی و کێشەکەشی چارەسەر نەکرد.

زیاتر وتی “وا دادەنێم کێشەم نییە و خۆم دەگرم تا دەربچم، ئەی ئەوەی بۆ نەخوشی یاخود نەشتەرگەری گەشت دەکات چی بکات؟”.

پیوەند بەو کێشەیە پەیامنێری 964 لە زاخۆ، هەوڵی زۆریدا لێدوان لە بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەکە وەربگرێت، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دەروازەکە بۆ 964 وتی: بەڕێوەبەراتییەکە دەتوانێت چارەسەری کێشەکە بکات، بەڵام بە ئەرکی خۆی هەڵناستێت و کاری پێویست ناکەن بۆ ئەم بابەتە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق