لە پێشەنگ مایەوە
هەولێر لە رانیەی بردەوە
964+
مەریەم ئەحمەد – هەولێر
یانەی وەرزشی هەولێر بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە یانەی رانیەی بردەوە و پێگەی لە پێشەنگی خولی پلە یەکی کوردستان بەهێزتر کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 13.3.2023، لە گەڕی 16ـی خولی پلە یەكی كوردستان، یانەی وەرزشی هەولێر میوانداری یانەی وەرزشی رانیەی کرد.
یاریەکە لەسەر یاریگای فرانسۆا هەریری بەڕێوەچوو، هەولێرییەکان لەگەڵ فیکەی ناوبژیوان دەستییان بە هێرشبردن کرد، ئەوەبوو لە خولەکی 6ـی توانیان گۆڵی پێشکەوتن لە رێگای یاریزان ناسر عومەر تۆمار بکەن.
یانەی هەولێر لە هێرشەکانی بەردەوام بوو، تاوەکو لە خولەکی 39 ئەمجارە یاریزان کارزان سابیر گۆڵی دووەمی تۆمار کرد و گێمی یەکەمی یارییەکەش بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
یاریزانانی یانەی رانیە لە گێمی دووەم باشتر دەرکەوتن و هەوڵەکانیان چڕ کردەوە بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، یاریزان محەمەد موبارەک لە خولەکی 56 توانی گۆڵێک بۆ رانیە تۆمار بکات، ئەگەرچی هەوڵی زۆریاندا گۆڵی یەکسانیش تۆمار بکەن، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوو، یارییەکەش بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بۆ هەولێر کۆتایی هات.
بەم ئەنجامە، یانەی هەولێر بە 30 خاڵ لە پێشەنگی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستانە و یەنەی رانیەش 24 خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەم دێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق