تیمەکانی شارەوانی تا بەیانی لەسەر شەقامەکان بوون

هەولێر؛ شەوێکی پڕ لە ئیشکردن بۆ رێگریکردن لە لافاو بەڕێکرا

964+

ژێوار خدر

شەوی رابردوو تیمەکانی شارەوانی و خزمەتگوزاری لە شەقامەکانی هەولێر مانەوە و سەرقاڵی پاککردنەوەی مەنهۆڵەکان بوون، بۆ ئەوەی هیچ ئاستەنگێکی هاتوچۆ بۆ هاوڵاتییان دروست نەبێت و پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، تیمەکان بە شێوەی 24 کاتژمێری لە ئامادەباشیدان.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو تیمەکان لە سنووری عەنکاوە، شاوێس، کەسنەزان، باسرمە و هەریر، دەستیان کردووە بە راماڵینی ئاو و خاوێنکردنەوەی سەرجەم مەنهۆڵ و چەپەرەکانی وەرگرتنی ئاوی باران، ئەمەش وەک هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتییان و رێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاو لە کۆڵان و شەقامە سەرەکییەکاندا.

وتیشی، ئەم هەوڵانەی شەوی رابردوو لە چوارچێوەی پلانی پارێزگای هەولێردا بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو شەپۆلە بارانە بەخوڕەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، تیمەکان بە شێوەی 24 کاتژمێری لە ئامادەباشیدا بوون و توانییان رێگری لە هەر ئاستەنگێکی نەخوازراوی هاتوچۆ بگرن کە ئەگەری هەبوو بەهۆی بارانەکەوە دروست ببێت.