"باوکی مووشەکی بالیستی ئێران" کێیە؟
ئێران؛ فڕۆکە و سەربازەکانی لە پشوودان و درۆن و مووشەكەكانی لە جەنگدان
964+
فەرهاد حەسەن
نە فڕۆكە جەنگییەكانی وەكو پێویست رۆڵ دەبینن، نە هێزە جیاوازە سەربازەكانیشی جوڵەیان پێدەكرێت، ئەوەی هەیەتی لەم جەنگەدا بە پلەی یەكەم مووشەكانیەتی بەهەموو جۆرەكانییەوە، لەدوای ئەویش درۆنەكان بەپلەی دووەم كاریگەریان دروستكردووە.
كێیە ئەو كەسەی ئەو هەیبەتەی بۆ وڵاتەكەی دروستكردووە و بە “باوکی مووشەکی بالیستی ئێران” ناسراوە؟
(حەسەن تارانی)… چیرۆكی ئەو پیاوە ئێرانییەیە، لە سفرەوە دەستیپێكرد، تاوەكو ئێرانی گەیاندە ئەمڕۆ و بەوهۆیەوە هاوسەنگیی هێزی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕیوە.
سەرەتاكانی صیرۆكی ئەو پیاوە بۆ جەنگی هەشت ساڵەی عێراق- ئێران دەگەڕێتەوە، لەو سەردەمەدا عێراق تواناداربوو بە مووشەكی جۆراوجۆر و تاڕادەیەكی زۆریش، هێزو توانای لە ئێران بڕیبوو، لەو سەردەمەدا (حەسەن تارانی) تەمەنی 21 ساڵ، هاتەمەیدان و بە وڵاتەكەی وت “بەدوای ئامرازێکدا دەگەڕێم بۆ ئەوەی هەم بەرگری لەخۆمان و هەمیش دوژمنمانی پێ بترسێنین”.
تارانی، لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٩ بووە لە تاران، لە ساڵی ١٩٧٩ بە پلەی یەکەم لە زانکۆی تەکنەلۆجیای تووسی دەرچوو و لە ساڵی ١٩٨٠ش پەیوەندی بە فەیلەقی سوپای پاسدارانەوە کرد.
لە سەردانێکیدا بۆ وڵاتی رووسیا كە بەمەبەستی کڕینی چەک، لەگەڵ شاندێك ناردبوویان، داوای لە رووسەكان كرد بچێتە ناو کارگەکانی دروستکردنی مووشەک، بەڵام ئەوان ڕەتیانکردەوە و پێیانوت “ئەوەی تۆ داوای دەكەیت نهێنی دەوڵەتە و نابێت کەس بیبینێت.”
ئەو رەتكردنەوەیە بێئومێدی نەكرد، هێندەی پێنەچوو سەردانی کۆریای باکوور و لیبیا كرد، توانی لەو دوو وڵاتە زانیاری لەسەر تەکنەلۆژیای دروستکردنی مووشەک کۆبکاتەوە و چەندین نموونەی مووشەكی دروستكراویش ببینێت.
لە ناوخۆی ئێراندا، دەستی بە هەنگاوە كردارییەكان كرد، دەستیکرد بە لێککردنەوەی پارچە پارچەكردنی ئەو مووشەکانەی کە لە وڵاتان كڕیبوویان، بۆ ئەوەی لە سیستەمی کارکردنیان تێبگات، دوای ساڵانێك لە توێژینەوە و تاقیکردنەوە توانی یەكەمین بەرهەمی مووشەكی گەورە، بەناوی (شەهاب) دروستبكات، كە بووە دەستپێکی راستەقینەی بەرنامەی مووشەکیی ئێران.
لە ساڵی ١٩٨٥ بە هاوکاری تیمێکی ئەندازیاری مووشەکی لیبیا کە لەلایەن قەزافیەوە نێردرابوو، یەکەمین مووشەکی خۆی وەكو كاردانەوە، بەڕووی عێراقدا هەڵدا، هێندەی پێنەچوو مووشەکێکی دەستکاریکراوی (سکود بی) ئاڕاستەی کارگەیەکی چیمەنتۆی نزیک پاڵاوگەی نەوتی کەرکوک کرد، ئەمە بەلای ئێران ساتێکی گرنگ بوو لە شەڕی هەشت ساڵەدا.
لە ساڵی ١٩٨٢ دەستی بە کاركردن كرد لەسەر دامەزراندنی یەکەمین یەکەی تۆپخانەی سوپای پاسداران و لە هەمان ساڵیشدا ناوەندی لێکۆڵینەوەی تۆپخانەکان و لە ساڵی 1983 ناوەندی فەرماندەیی مووشەکی سوپای پاسداران دامەزراند و دوای دوو ساڵ فەرماندەیی یەکەی مووشەکی سوپای پاسدارانی گرتە ئەستۆ.
مووشەکی شەهاب یەكی لەسەر بنەمای (سکود بی) و مووشەکی شەهاب دووشی لەسەر بنەمای مووشەكی زلزال، مووشەكی شەهاب سێشی لە سەر بنەمای مووشەکی (سکود سی) پەرە پێدا، کە مووشەکێکی بالیستی مەودای مامناوەندی دوو هەزار کیلۆمەتری بوو، ساڵی 2008 ش یەکەم زنجیرەی مووشەکی بالیستی سووتەمەنی رەق بەناوی (سەجیل) پەرەپێدا كە مەوداكەی دووهەزار کیلۆمەتر بوو.
لە مانگی نیسانی ٢٠٢١، ژەنەڕاڵ کینێس ئێف مەکێنز، فەرماندەی ئەوکاتەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بە ئاژانسی (رۆیتەرز)ی وتبوو، لە ماوەی پێنج بۆ حەوت ساڵی رابردوو، ئێرانییەکان پێشکەوتنی چۆنایەتی بەرچاویان لە تواناکانی مووشەکی بالیستیدا کردووە و بە هەر حیسابێک بێت ئێستا نزیکەی سێ هەزار جۆر مووشەکی مەودای جیاوازی هەیە، وتبووشی “بەرنامە مووشەکیەكەی ئێران زۆر مەترسیدارترە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی”.
حەسەن تارانی، لە ساڵی ٢٠١١ لە ژیاندا نەما، هەندێك سەرچاوە دەڵێن لە کاتی کارکردنی لەسەر پەرەپێدانی مووشەک، بەهۆی تەقینەوەیەکەوە گیانی لەدەستداوە، هەندێكیش دەڵێن نەخێر (مۆسادی ئیسڕائیل)ی كوشتوویەتی.
بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ ئێران، حەسەن تارانی وەكو شانازییەك باسدەكات، كە لەدوای ئەو بەرنامەكەی نەوەستا و وڵاتەكەی كردە خاوەن ئەو هێزە مووشەكییەی كە ئێستا هەیەتی، كاتێك دەچنە سەر گۆڕەکەی، لەسەر یەكێك لە بەردە مەڕمەڕەكان نووسراوە “ئەمە گۆڕی پیاوێکە کە ویستویەتی ئیسرائیل لەناو ببات”.