قەیرانى غاز
نەبوونى غاز دەرگاى نانەواخانەکانى سیروانى داخست
964+
ئەمەل ناجى- هەڵەبجە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەک هەڵوێستێک دژی دابیننەکردنی بڕی پێویستی غاز، تەواوی نانەواخانەکانی ناحیەی سیروان دەرگاکانیان بە رووی هاووڵاتیاندا داخست و رایانگەیاند تا کێشەکەیان بۆ چارەسەر نەکرێت، دەست بەکار ناکەنەوە.
حەمزە حەسەن، یەکێک لە خاوەن نانەواخانەکانی ناحیەکە بە 964ـی راگەیاندووە: “ماوەی مانگێکە کێشەی کەمیی غازمان هەیە. لەم ماوەیەدا بە هەموو شێوەیەک هەوڵمان داوە کارەکانمان رانەگیرێت، تەنانەت غازی ماڵەکانمان هێناوە یان بە نرخێکی زۆر گران لە بازاڕ کڕیومانە، تەنانەت پەنامان بۆ بەکارهێنانی ‘دار’یش بردووە بۆ برژاندنی نان، بەڵام چیتر ناتوانین بەردەوام بین چونکە زیانێکی زۆرمان بەردەکەوێت.”
داخرانی نانەواخانەکان قەیرانی نانی لە ناحیەکەدا دروست کردووە و کاریگەری کردووەتە سەر چێشتخانە، کەبابخانە و لەفەخانەکانیش، بەجۆرێک خاوەن دوکانەکان ناچارن بۆ دابینکردنی نان بچنە شاری هەڵەبجە یان ناحیەی خورماڵ، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ دروست کردوون.
لە ناحیەی سیروان 5 نانەواخانە هەن کە بژێوی ژیانی لانی کەم 15 خێزانیان لەسەرە، مانگرتنی ئەم نانەوایانە جگە لە گرفتی نان، مەترسی بڕینی سەرچاوەی بژێوی ئەو خێزانانەشی لێ دەکرێت.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح