جێگری ئەردۆگان وادەڵێت
تورکیا نامە پەیامەکانی نێوان ئهمریكا و ئێران ئاڵوگۆڕ دەکات
964+
فەرهاد حەسەن
جێگری رەجەب تەییب ئەردۆگان دەڵێت، کاری ئەوان وەکو تورکیا بۆ نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ئێران نامە و پەیامەکانی ئەو دوو وڵاتە بۆ یەکتری دەگۆڕنەوە.
هارون ئارماجان، جێگری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا بۆ کاروباری دەرەوەی رایگهیاند، تورکیا “رۆڵ دەگێڕێت لە گەیاندنی پەیامەکان” لە نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ هاندانی کەمکردنەوەی ئاستی پەرەسەندن و دهستپێكردنی دانوستانی راستەوخۆ.
بەپێی لێدوانێكی ئەو بەرپرسەی تورکیا کە به ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە، وڵاتهكهی پهیامهكان لهنێوان ئێران و ئهمریكا ئاڵوگۆڕ پێدهكات، بهڵام چۆنیەتی ئەو پەیامانە دیاری نەکرد.
ئاماژهی بهوهشكرد، ئەو پەیامانە بۆ دەوڵەتانی کەنداویش دەگوازرێنەوە، کە خۆیان لە ناوەڕاستی بەرفراوانبونی ململانێی ناوچەکەدا بینیوەتهوه.
بە قسەی سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی تورکیا، هاكان فیدان، وهزیری دهرهوه لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و کەسانی دیکە وتوێژی کردووە بۆ تاوتوێکردنی رێگاکانی کۆتایی هێنان بە ململانێکان.
تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە، پێش دەستپێکردنی هێرشەکان نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لە هەوڵی نێوەندگیریی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران بوو و چەندینجاریش داوای وەستاندنی دەستبەجێی شەڕەکانی کردووە.