سکاڵاش دەبرێتە ئەنجوومەنی ئاسایش

بەغدا هەڵوێستی وەرگرت؛ بانگهێشتی باڵیۆزی ئێران و کاربەڕێکاری ئەمریکا دەکرێت

964+
وریا فەتاح

لە کاردانەوەیەکی توندی دیپلۆماسیدا بەرامبەر پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق، ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، زنجیرەیەک بڕیاری بەپەلەی دەرکرد کە تێیدا هەردوو لایەنی شەڕەکە (ئەمریکا و ئێران) وەک لایەنی بەرپرس لە هێرشەکان دەستنیشان دەکرێن.

بڕیارە دیپلۆماسییەکان بەم شێوەیەن:
هەریەک لە کارڕاپەڕێنەری ئەمەریکاو باڵیۆزی ئێران بانگ دەکات و یاداشتی ناڕەزایەتییان دەداتێ، ئەوەی یەکەمیان دژی هێرشکردنە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و ئەوەی دووەمیشان دژی هێرشکردنە سەر بارەگاکانی پێشمەرگە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق راسپێردرا بە ئامادەکردنی رێکارەکان بۆ پێشکەشکردنی سکاڵایەکی فەرمی بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سەبارەت بە هەر دەستدرێژییەک کە سەروەریی و ئاسایشی عێراق بخاتە مەترسییەوە.
کۆبوونەوەکە جەختی کردەوە کە هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی و پێشمەرگە، وەک هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان هەژمار دەکرێت و عێراق مافی “بەرگری لەخۆکردن”ی دەبێت.