موژدەى پڕبوونى بەنداوەکان لەڕێیە

ئاستی ئاوی بەنداوەکانی هەرێم بە شێوەیەکی “خەیاڵی” بەرزبووەتەوە

964+

وریا فەتاح

بەپێی نوێترین ئامارى کە تایبەت دەست 964 کەوتووە، بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی ئەم دواییەوە، ئاستی ئاوی بەنداوە گەورەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێکی دڵخۆشکەر و بەراورد بە پار، بەرزبوونەوەی پێوانەیی تۆمار کراوە.

بەنداوى دوکان 50 بە 49

بەنداوی دووکان کە توانای گلدانەوەی 6.8 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئێستا 3.3 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە. ئەمە واتە بەنداوەکە 49%ـی پڕ بووە و هێشتا 51%ـی دیکەی بۆشایی ماوە بۆ پڕبوون.

بۆ ئەوەی لە قەبارەی ئەو ئاوە تێبگەیت کە دێتە ناو بەنداوەکە: لە هەر چرکەیەکدا 1,656 مەتر سێجا ئاو دەچێتە ناو دووکان، لە بەرامبەردا تەنها 58 مەتر سێجا بەردەدرێتەوە، بە زمانێکی سادە؛ لە هەر چرکەیەکدا بڕی 80 تانکەری گەورە ئاو دەڕژێتە ناو بەنداوەکەوە و تەنها 3 تانکەری لێ دەڕژێت.

بەپێی حیساباتی ئەندازیاری، ئەگەر باران و داهاتی ئاو بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، تەنها 24 رۆژ و 20 کاتژمێری تری پێویستە تاوەکو ئاو بگاتە سەر “بێلماوس”ـەکەی دووکان و بەنداوەکە سەرڕێژ بکات.

بەنداوی دەربەندیخان بێمنەتە

دۆخی دەربەندیخان زۆر جیاوازە و بەنداوەکە خەریکە نەفەسی لێ دەبڕێت، ئێستا 87.2%ـی بەنداوەکە پڕ بووە و 2.2 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە.

خاڵی سەرنجڕاکێش لە دەربەندیخان ئەوەیە کە ئێستا هاوسەنگییەکی تەواو هەیە، لە هەر چرکەیەکدا 924 مەتر سێجا ئاو دێتە ناو بەنداوەکە و هەر بەو بڕەش ئاو لێی دەچێتە دەرەوە، ئەمەش بۆ پاراستنی هاوسەنگی و رێگری لە لافاوە.

بەنداوی دهۆک حەوت رۆژى تر گۆڵى خۆى دەکات

بەنداوی دهۆکیش لە مژدەی پڕبوون نزیکبووەتەوە و 86%ـی پڕ بووە. بەپێى ئامارەکان ئەگەر داهاتی ئاو بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تەنها هەفتەیەکی تری پێویستە بۆ ئەوەی بەنداوەکە سەرڕێژ بکات.

بۆ ئەمڕۆ 24.3.2026 بەراورد بە هەمان رۆژی ساڵی  ابردوو 24.3.2025، ئاستی ئاوی دووکان 9.53 مەتر و بەنداوی دەربەندیخان 6.43 مەتر بەرزبووەتەوە، ئەمەش ساڵێکی زێڕین بۆ سامانی ئاوی هەرێم دەستەبەر دەکات.

بەنداوی دوکان و دەربەندیخان 242 ملیۆن مەترسێجا ئاویان ت...

بەنداوی دوکان و دەربەندیخان 242 ملیۆن مەترسێجا ئاویان تێهاتووە