بۆرییەک شکاوە
لە کاتێکدا هاوڵاتیان بە تانگەر ئاو دەکڕن؛ لە سابوونکەران ئاو بە فیڕۆ دەچێت
964+
ئەحمەد محەمەد- سلێمانى
ماوەی چەند کاتژمێرێکە بەهۆی شکانی قفڵێکی سەرەکیی ئاوی خواردنەوە لە گەڕەکی سابوونکەرانی شاری سلێمانی، بڕێکی زۆر ئاو بە فیڕۆ دەچێت، ئەمەش نیگەرانیی کاسبکاران و دانیشتووانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە.
ئەلەند ئاری، کاسبکارێکی گەڕەکەکە بە 964ـى راگەیاند، لە کاتژمێر 9:00ی بەیانییەوە ئاوەکە بە شەقامەکاندا دەڕوات و تا ئێستا تیمەکانی چاککردنەوە نەگەیشتوونەتە شوێنەکە.
ئاماژەی بەوەش کرد، “لە کاتێکدا ئاوەکە بەم شێوەیە بە فیڕۆ دەچێت، ئێمە تەنها لەم هەفتەیەدا سێ جار ئاومان بە تانکەر کڕیوە.”
لە بەرامبەردا، بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی پشتڕاستی کردەوە کە ئاگاداری شکانی قفڵەکەن، بەڵام هۆکاری دواکەوتنی چاککردنەوەکەی بۆ پڕی خەزانەکە گەڕاندەوە.
بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی وتی: “چاوەڕێ دەکەین خەزانی ئاوەکە بە تەواوی بەتاڵ بێت، چونکە بەبێ بەتاڵبوونی ناتوانرێت قفڵەکە بگۆڕدرێت. دوای ئەوە تیمەکانی چاکسازی دەستبەکار دەبن و پاش چارەسەرکردنی کێشەکە، جارێکی دیکە ئاو بۆ ماڵان بەردەدرێتەوە.”
داغڵودانی نزیک سیروان پڕ ئاو بوون و ئۆتۆمبیلێکیش کەوتە رووباری گاڕفێنەوە
پێداچوونەوە: وریا فەتاح