سەرۆکی هەرێم:

“هێرشەکەی ئەمڕۆ هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە”

964+

شۆڕش قادری

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە بە دەستدرێژییەکی دوژمنکارانەی راستەوخۆ بۆ سەر سەروەریی وڵات دەزانێت و دەڵێت، ئەو هێرشە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 24.3.2026 و لە دوو هێرشی جیاوازدا ، بارەگایەکی فیرقەی 7ـی پیادەی دەڤەری 7 و هێزێکی فیرقەی 5ـی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران بە موشەکی ئێران کرانە ئامانج، بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە شەهیدبوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.

ئەم هێرشە دەستدرێژییەکی دوژمنکارانەی راستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی وڵات و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئیدانەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، “هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری بووە، ئێمە پابەندین بە سیاسەتی تێوەنەگلان و دوورکەوتنەوە لە ململانێکان، بەهیچ شێوەیەکیش هەڕەشە نین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، بۆيه‌ ئەم هێرشە، دەستدرێژییەکی دوژمنکارانەی راستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی وڵات و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە”.

سەرۆکی هەرێم داوایش لە حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو دەستدرێژییانە و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.

دەقی راگەیەنراوەکەی سەرۆکی هەرێم لە خوارەوە؛

بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکییەى ئێران دەکەین کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی لە سنووری سۆران بە ئامانج گرت و لە ئەنجامدا ژمارەیەک پێشمەرگەی قارەمان شەهید و بریندار بوون. پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەین و هاوخەمیانین، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازین.

هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری بووە. ئێمە پابەندین بە سیاسەتی تێوەنەگلان و دوورکەوتنەوە لە ململانێکان، بە هیچ شێوەیەکیش هەڕەشە نین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ. بۆيه‌ ئەم هێرشە، دەستدرێژییەکی دوژمنکارانەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی وڵات و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە.

داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەوڵەکان چڕتر بکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.

"هەموو مافێکمان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەک دەکرێتە سەر گەل و خاکەکەمان"

وەزارەتی پێشمەرگە: سێ پێشمەرگە بریندار بوون

وەزارەتی پێشمەرگە: سێ پێشمەرگە بریندار بوون