لە حەسەکە

سوپای سووریا: بە 5 موشەک لەناو خاکی عێراقەوە هێرشمان کرایەسەر

964+

وریا فەتاح

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا رایگەیاند، یەکێک لە بنکە سەربازییەکانیان لە نزیک شارۆچکەی “یەعرووبییە” لە دەوروبەری حەسەکە، رووبەڕووی هێرشێکی موشەکی بووەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سوپای سووریا، هێرشەکە لە رێگەی 5 موشەکەوە ئەنجامدراوە کە لە دەوروبەری گوندی “تەل ئەلهەوا” لە قووڵایی 20 کیلۆمەتر لەناو خاکی عێراقەوە ئاراستە کراون.

سوپای سووریا ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەبارەی رووداوەکەوە لەگەڵ لایەنی عێراقی هەماهەنگییان کردووە و لایەنی عێراقی پێی راگەیاندوون کە سوپای عێراق دەستی بە پڕۆسەی کێوماڵکردن کردووە بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە سوپای سووریا لە ئامادەباشیی تەواودایە و بەرپرسیارێتیی خۆی لە بەرگریکردن لە خاکەکەی و بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەک جێبەجێ دەکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمشەو 23.3.2026، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، بنکەی سەربازیی “خەراب ئەلجیر” لە ناوچەی رمێلان لە باکووری پارێزگای حەسەکە، لە رێگەی چەند درۆنێکی نەناسراوەوە کراوەتە ئامانج.

بەپێى سەرچاوەکانى روانگەى سوورى، درۆنەکان لە ئاراستەیەکی نادیارەوە ئاراستەکراون، بەڵام گومان دەکرێت لە لایەنی رۆژهەڵات و لەناو خاکی عێراقەوە ئاراستە کرابن.

ئەم بنکەیە فڕۆکەخانەیەکی تێدایە کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بەکاردەهێنرا، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەدا هێزەکانی ئەمریکا بەتەواوی لە بنکەکە کشاونەتەوە.

روونیشى کردووەتەوە کە تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد دەربارەی قەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانی هێرشەکە بەردەست نییە.

بە درۆن هێرشکرایە سەر بنکەیەکى ئەمریکا لە حەسەکە

بە درۆن هێرشکرایە سەر بنکەیەکى ئەمریکا لە حەسەکە