پردێک جێی گومانە و هێشتا 120 ملیۆن دیناریشی پێویستە
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
ئۆڤەرفڵای یان پردی کانی سپیکە، ماوەی دوو ساڵە بە تەواونەکراوی جێھێڵدراوە، رێگەوبانی سلێمانی، کە سەرپەرشتی پرۆژەکە دەکات،دەڵێت ھاوڵاتییان لە چەند پەیامێکدا بۆیان ناردوون و بە پرۆژەیەکی نامۆ وەسفیان کردووە.
پردی کانی سپیکە، دەکەوێتە نزیک گوندی گرێزە لەسەر رێگەی نێوان سلێمانی و سەیدسادق، ئاراستەی رێگەی چوون له سلێمانییهوه بۆ پێنجوێن بەیەکەوە دەبەستێتەوە، رێگەكه شادەماری ئابوورییە بەو پێیەی نێوان سلێمانی و دەروازەی باشماخ پێکەوە دەبەستێتەوە.
پانی پردەکە 10مەتر و درێژییەکەی 250 مەترە، شۆفێر 120 مەتر لەسەر جادەی قیر دەڕوات تا دەگات بە پردەکە، بچووکیی پردەکە و دیزاینی جیاوازترە لەو پردە ئۆڤەر فڵایانەی کە لە بەدیلی یوتێرن دروست دەکرێن.
ئالان وەیس، سەرپەرشتیاری پرۆژەی پردی کانی سپیکە، لە رێگهوبانی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە 12.3.2023 بە تۆڕی964ی وت، “پردەکە تائێستا یەک میار و 200 ملیۆن دیناری تێچووە، ئەو بڕەش لە کۆی ماوەی تێچووی پردی پرۆژەی پردی شانەدەر بووە، ئێستا بۆ تەواوکردنی پێویستمان بە 120 ملیۆن دیناری دیكه ھەیە”.
ئاڕاستە و فراوان نەبوونی پردەکە نامۆیی لەلای خەڵک دروستکردووە، تا گەیشتووە بەوەی نامە و پەیامیشیان لەلایەن ھاوڵاتیانەوە بۆ نێردراوە، بەڵام بە وتەی ئەندازیارەکە، “ئەوان دەستیان زۆر واڵا نەبووە بۆ فراوانترکردنی پانیی پردەکە، جگە لە تێچووی پردەکەن دەبوو زەوی ئەو خەڵکانەش قەرەبوو بکەنەوە، کە دەکەونە چوارچێوەی پرۆژەکە”.
لە بارەی ئەگەری رەتکردنەوەی پرۆژەکەوە، ئالان وهیس دهڵێت، “ئێمە سەرجەم کارەکانی تهواو دهكهین دەگەیەنین، بەڵام لیژنەی پسپۆر دەبێت، پرۆژەکە رەت بکاتەوە، ئەگەر ھاتوو بڕیارێکی لەوجۆرە درا”، کە بەشێک لە گومانی خەڵک لەوەوە سەرچاوەی گرتووە پردەکە تەواو بووبێت و بەڵام بەھۆی نائەندازەییبوونییەوە نەکرابێتەوە.
“ئەم پردە کە بەدیلی یوتێرنە و 5 خولەک بۆ یەک خولەک کەمدەکاتەوە، دەبێت لەگەڵ کرانەوەیدا شۆفێران بە خێراییەکی کەمتر و بۆ سەلامەتی خۆیان لە خوار نمرە 60 ھەوڵ بدەن بەسەریدا تێبپەڕن” ئالان وەیس وای وت.
پرۆژەکە ئێستا (قیرکردن، راگر، رێکخستن و دانانی ھێما و رێکاری ھاتوچۆی ماوە)، پلانی رێگهوبانی سلێمانی وابووە، کە سیستمی یوتێرن (گەڕانەوەی پێچەوانە) کەم بکەنەوە، بۆیە پشتیان بە ئۆڤەر فڵای(پرد) بەستووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵڵا