لە قەزای بەردەڕەش بەردی بناغە بۆ پێنج پرۆژە دانرا

964+
زەید کۆچەر – بەردەڕەش

ئەمڕۆ لە سنووری قەزای بەردەڕەشی پارێزگای دهۆک بەردی بناغە بۆ پێنج پرۆژەی نوێ دانرا کە دەکەونە قەزای بەردەڕەش و ناحیەی دارەتوو، گوندی قادسییەی مەزن و سەنتەری ناحیەی کەڵەک.

ئەم پڕۆژانە بریتین لە تەواوکردنی جووتسایدی 40 مەتری لە ناحیەی دارەتوو لەگەڵ چاککردنەوەی جادەکانی ناو ناحیەکە.

هەروەها چاککردنی جووتسایدێک لە گەڕەکی رۆشنبیران و دروستکردنی جووتسایدێکی دیکە لە گەڕەکی رۆناهی لە بەردەڕەش.

هەر لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش، سویلی ئاو لە پیشەسازی نوێ دروستدەکرێت و جادەکانی ناو قەزاکە چاکدەکرێنەوە بە ماوەی 365 رۆژ.

رێگای گوندی قادسیەی گەورە کە لە سنووری قەزای بەردەڕەشە دروستدەکرێت بە درێژایی 3.5 کیلۆمەتر.

لە سەنتەری ناحیەی کەڵەک، سندوقی ئاوەڕۆ دروستدەکرێت، ئەوە جگە لە دروستکردنی چەند جادەیەک لەناو کۆمەڵگای بەشیریان.

هەموو ئەمانە لەلایەن پارێزگای دهۆکەوە راگەیەندراوە و بەردی بناغەی بۆ دانراوە.

بەگوێرەی پارێزگای دهۆک، سەرجەم پارەی تەرخانکراو بۆ هەر پێنچ پرۆژەکەی سنووری قەزای بەردەڕەش دەگاتە شەش ملیار و 542 ملیۆن و 100 هەزار دینار.