ئیسرائیل هۆشداری دەدات
“لەندەن و پاریس لەژێر هەڕەشەی موشەکەکانی ئێراندان”
964+
وریا فەتاح
دوای تاقیکردنەوەی موشەکێکی دوورهاوێژ لەلایەن تارانەوە، سوپای ئیسرائیل هۆشداری دەدات کە پایتەختەکانی ئەوروپا کەوتوونەتە ناو بازنەی ئامانجەکانی ئێران.
ئییال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل رایگەیاند: “ئێران موشەکێکی بالیستیی ‘کیشوڕبڕی’ تاقیکردووەتەوە کە مەوداکەی 4 هەزار کیلۆمەترە و ئامانجێکی ئەمریکی لە دوورگەی ‘دیێگۆ گارسیا’ کردووەتە ئامانج.”
دەیلى مەیلى بەریتانى خاڵە گرنگەکانی ئەم پەرەسەندنەى بەم شێوەیە خستووەتەڕوو:
شارەکانی لەندەن، پاریس، بەرلین و رۆما ئێستا لەژێر هەڕەشەی راستەوخۆی موشەکە نوێیەکانی ئێراندان.
پسپۆڕانی سەربازی دەڵێن ئێران تەکنەلۆژیای “سیمۆرگ”ی بۆشایی ئاسمانی بەکارهێناوە بۆ درێژکردنەوەی مەودای موشەکەکانی.
بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم موشەکانە، دەبێت پشت بە سیستەمی بەرگریی “SM-3″ی ئەمریکی و “پاتریۆت”ی ئەڵمانی ببەستن.
بەریتانیا بە بێدەنگى نەمایەوە
کیر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕێگەی بە ئەمریکا داوە بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوە لە گەرووی هورمز.