ئەوکاتەی لوولەی بڕنەوەکان ماچ دەکران
وێنەیەکی 56 ساڵ لەمەوبەری نەورۆز لە دارەتووی هەولێر
964+
فەرهاد حەسەن
بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز، ئیسماعیل بەرزنجی نووسەر و شاعیر وێنەیەک 56 ساڵ لەمەوبەری نەم جەژنەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی “ساڵی 1970، رێککەوتنامەی نێوان سەرکردایەتی شۆڕشی کورد و حکومەتی عێراق مۆرکرا، لە هەموو وڵات بووە شایلۆغان و ئاهەنگ، ئەوساڵە بڕیاردرا، ئاهەنگی نەورۆز لە گوندی دارەتوو سازبدرێت، ئەوکاتە تەمەنم 14 ساڵ بوو.
دەڵێت، خەڵکی گەڕەك، بە پیادە و تڕۆمبێل، بەسواری پایسکل و کەر، روویان لە دارەتوو، باوکم دەستی گرتم و لەگەڵ زەلامی گەڕەک هەنگاومان نا، دەرزیت بهاویتبا بە ئەرزی نەدەکەوت، لە چەندان قۆڵەوە رەشبەڵەك بوو، خەڵک پێشمەرگەیان لە باوەش دەکرد و لوولەی بڕنۆکانیان ماچ دەکرد، سەدان سفرە راخرابوون، بێئەوەی بیانناسیبای فەرموویان لێدەکردی.
خەڵکی هەولێر، وەک عادەتی هەمیشەییان، بە جوانی و کپی نەورۆزی خۆیان کرد، لەم وێنەیەدا، کۆمەڵێک پێشمەرگە لەسەر تڕومبێلێك راوەستاون، لە دامێنیشدا، کۆمەڵێک کچە هەولێری سفوور دەبیندرێن کە تەعبیر لەو خۆشییە دەکەن.