“خوایە ئەیدەمە دەست تۆ”
کیژۆڵەیەکی 15 ساڵ شێرپەنجەی تێپەڕاند و دەیەوێ ئیتر بخوێنێ
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
شەن، کیژۆڵەیەکی بەهێز و پڕ ورەیە، ئەو کە لە تەمەنی چوار ساڵ و شەش مانگی توشی شێرپەبجە بووە، تا قۆناغی شەشی بنەڕەتی بە نیوەناچڵی خوێندوویەتی، ئێستا و دوای 10 ساڵ ژیان لەگەڵ شێرپەنجە، دەیەوێت ئیتر خوێندن دەستپێبکاتەوە.
شەن و هاوچارەخوازەکانی، نەخۆشخانەی هیوا بووە بە ئومێد و هیوایەک بۆیان، وەک دایکی شەن میهرەبان محەمەد، باسی دەکات، ئێستا کیژۆڵەکەی تەمەنی بووە بە 15 ساڵ و لە دەست نەخۆشیی و رۆژانێکی سەخت رزگاری بووە.
شەن لەماوەی چارەسەری سێ نەشتەرگەری بۆ کراوە، وەک دایکی دەیگێڕێتەوە، دکتۆری منداڵان، جەمال ئەحمەد رەشید، پزیشکی کۆچکردووی نێوداری کورد توانیویەتی نەخۆشییەکەی دەستنیشان بکات، کە دروستبوونی وەڕەمێک بووە لە سەریدا.
شەن تا قۆناغی شەشەمی بنەڕەتی، بە نیوەناچڵی توانیویەتی بخوێنێ، دایکی دەڵێ، زۆر باش فێری خوێندن و نوسینەوە نەبووە، ئەو رۆژانەشی دەچوو بۆ قوتابخانە، وانەی یەکەم تەواو دەبوو، مامۆستاکان تەلەفۆنیان دەکرد وەرن شەن ببنەوە و بێتاقەتە، لە حاڵێکدا خێزانەکەی دوای چارەسەرییەکی زۆر و رۆژانێکی سەخت، چاویان لەوەیە منداڵەکەیان بگەڕێتەوە قویابخانە و خوێندنەکەی تەواو بکات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا